سەرۆک دۆناڵد ترامپ جەختی لەسەر بەهێزی پێگەی ئەمەریکا لەسەر ئاستی جیهاندا کردەوە و ڕایگەیاند ئێران "سازشی زۆر گەورە" دەکات.

سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە سەردانی کۆنگرێسی ئەمەریکای کرد و لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان باسی پرسی ئێران و دۆخی گشتی وڵاتی کرد.

ترامپ ڕایگەیاند، "شەڕەکەی ئێران زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت. وەکو دەزانن، ئێمە بە ڕێژەیەکی زۆر سەرکەوتن بەدەست دەهێنین. ئێران سازشێکی زۆر دەکات. با بزانین چی دەبێت، بەڵام زۆر زۆر باش بەڕێوە دەچێت."

سەرۆکی ئەمەریکا ئەمڕۆ لە کۆنگرێس لەگەڵ یاسادانەرانی کۆماری کۆبووەوە بە مەبەستی هەوڵدان بۆ پەسەندکردنی یاسای تایبەت بە تۆماری دەنگدەران و ڕێوشوێنەکانی دەنگدان.

سەردانەکەی لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ، بەر لە کۆبوونەوەکە، ترامپ ڕەتی کردەوە یاسایەکی هاوبەشی کۆماری و دیموکراتەکان واژۆ بکات هەتا ئەو کاتەی کۆنگرێس پڕۆژەیاسای "ڕزگارکردنی ئەمەریکا" تایبەت بە شێوازی دەنگدان پەسەند دەکات.

ترامپ پەسەندکردنی ئەو پرۆژە یاسایە بە پرسێکی "فریاگوزاری نیشتیمانی" ناودەبات و دەیەوێت ئەندامانی زیاتری کۆنگرێس ڕازی بکات بە پەسەندکردنی.

دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ یاسادانەرانی کۆماری، ترامپ لە باڵەخانەی کۆنگرێس باسی لە پەیوەندی ئیدارەکەی لەگەڵ کۆمارییەکانی کۆنگرێس کرد و بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "هەموو ئەندامانی ئێرەم خۆشدەوێت، جگە لە هەندێکیان نەبێت، کە ئێوە دەزانن کێن. بە گشتی، حزبێکی زۆر یەکگرتوومان هەیە و جەختم لەوە کردووەتەوە کە ئێمە بەهێزترین و زیرەکترین و ڕێزلێگیراوترین وڵاتین لە جیهاندا."

ترامپ ئاماژەی بە نزمبوونەوەی نرخی نەوت کرد بۆ خوار 70 دۆلار و ڕایگەیاند ئێران "هەموو ئەو شتانە دەکات کە من داوای دەکەم، دەبێت ئەمەش بکات ئەگەر نا دەگەڕێینەوە و ئەوە ئەنجام دەدەین کە دەبێت بیکەین."