بەغداد - INA

دەستەی گشتیی گومرگ ڕایگەیاند: لە ١٠ی تەمموزەوە پشت بە وردبینی ئەلیکترۆنی بۆ بڕوانامەکانی ڕەسەنایەتی و فاکتۆرە بازرگانییەکان دەبەسترێت.

دەستەکە لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "سەرجەم بازرگانان، هاوردەکاران، بریکارانی دەرهێنانی گومرگی و خاوەن پەیوەندییەکان ئاگادار دەکەینەوە کە تایبەتمەندی بەدواداچوونی ئەلیکترۆنی بۆ بڕوانامەکانی ڕەسەنایەتی و فاکتۆرە بازرگانییەکانی دەرچوو لە یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق چالاککراوە، ئەمەش لە ڕێگەی بەستنەوەی ئەلیکترۆنی بە سیستمی ئەسیکۆدا، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە ڕاستوێژی دەرچوونی ئەم بەڵگەنامانە و پەسەندکردنیان لە چوارچێوەی ڕێکارە گومرگییەکاندا".

راشیگەیاند: "بەدواداچوون بۆ بڕوانامەی ڕەسەنایەتی و فاکتۆری بازرگانی بە شێوازی ئەلیکترۆنی دەکرێت لەکاتی ڕێکخستنی ڕاگەیەندراوی گومرگیدا، ئەوەش لە ڕێگەی داخڵکردنی ژمارەی بەڵگەنامەکان لەو خانانەی کە لەناو سیستمەکەدا بۆی تەرخانکراون، بە شێوەیەک کە ڕاستیی زانیارییە پێشکەشکراوەکان دەستەبەر بکات و ڕێکارەکانی وردبینی و چاودێریی گومرگی بەهێزتر بکات".

ئەوەشی خستووەتەڕوو: "دەستەکە جەخت دەکاتەوە کە ئەم خزمەتگوزارییە لە ئێستادا بە شێوەی ئەزموونی جێبەجێ دەکرێت، بە مەرجێک جێبەجێکردنی بە شێوازی ناچاری بێت لە ڕێکەوتی ١٠/٧/٢٠٢٦ەوە، بەجۆرێک کە هیچ بڕوانامەیەکی ڕەسەنایەتی یان فاکتۆرێکی بازرگانی وەرناگیرێت مەگەر لە ڕێگەی سیستمەکەوە توانای وردبینی ئەلیکترۆنی هەبێت".

بەیاننامەکە داوای لە سەرجەم خاوەن پەیوەندییەکان کردووە کە پەلە بکەن لە تەواوکردنی ڕێکارەکانی تۆمارکردنی بەڵگەنامە بازرگانییەکانیان بە شێوەیەکی یاسایی لە لای یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق، و دڵنیابوونەوە لە ڕاستیی زانیارییەکانیان پێش پێشکەشکردنیان بۆ مامەڵە گومرگییەکان؛ ئەمەش لەپێناو دەستەبەرکردنی ڕۆیشتنی ئاسانی کارەکان و بەدووربوون لە هەر دواکەوتنێک یان لەمپەرێک دوای دەستپێکردنی جێبەجێکردنی ناچاری.