بەغداد - INA

وەزیری تەندروستی عەبدولحوسێن موسەوی، ئەمڕۆ چوارشەممە جەختیکردەوە: وەزارەت پێویستی بە بەرپاکردنی جوڵەیەكی ڕاستەقینە هەیە لە ئاستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکاندا.

موسەوی لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ کەناڵی "عێراقیە نیوز" كە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بەدواداچوونی بۆ کردووە، رایگەیاند: "وەزارەتی تەندروستی پێویستی بە بەرپاکردنی جوڵەیەكی ڕاستەقینە هەیە لە ئاستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکاندا، بەتایبەتی لەژێر ڕۆشنایی ئەو بارودۆخە ئابوورییە سەختەی کە وڵات پێیدا تێپەڕ دەبێت".

وتیشی: "پرۆگرامی بیمەی تەندروستی یەکێکە لەو کۆڵەکە سەرەکییانەی کە وەزارەت پشتی پێ دەبەستێت بۆ دۆزینەوەی مۆدێلێکی نوێی خزمەتگوزاری تەندروستی کە شایستەی هاووڵاتی بێت و کەرامەتی بپارێزێت و چاودێری گونجاوی بۆ دابین بکات".

موسەوی ڕوونیکردەوە، "وەزارەت ڕێنمایی داوە بە ڕاگرتنی نوێکردنەوەی هەندێک لە گرێبەستەکان دوای بەدیکردنی حاڵەتی بەفیڕۆدان لە پارەکانی سندوقی دەستەبەری تەندروستیدا"، جەختیشی لەسەر "پێویستی پشتبەستن بە پێوەرە پیشەییە ڕوونەکان کردەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆسیانەدا".

تەئكیدیشیکردەوە کە "ئامانجی ئەم ڕێکارانە ڕێگریکردن نییە لە کاری دامەزراوە تەندروستییەکان، بەڵکو ڕاگرتنی بەفیڕۆدانی پارەی گشتی و دەستەبەرکردنی خەرجکردنیەتی لە شوێنی ڕاستی خۆیدا"، ئاماژەی بە "گرنگی داڕشتنی ڕێسای ورد کرد بۆ ڕێکخستنی ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ دامەزراوە تەندروستییە ئەهلییەکاندا ئیمزا دەکرێن، بە جۆرێک کە دەستەبەری ئەوە بکات نەخۆش ئەو خزمەتگوزارییانە وەربگرێت کە بەڕاستی پێویستیانە بەبێ زێدەڕەوی یان قۆستنەوە"، و وتیشی: "پاراستنی پارەکانی دەستەبەری تەندروستی ئەمانەتێکە لە ئەستۆی وەزارەت و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکاندایە".

موسەوی ڕایگەیاند: "قەبارەی پڕۆژەی دەستەبەری تەندروستی و گرنگییەکەی، پێویستیان بە بەدواداچوونی بەردەوام و هەڵسەنگاندنی خولیی هەیە بۆ گرێبەستەکان و میکانیزمەکانی جێبەجێکردن"، جەختیشی کردەوە کە "نوێکردنەوەی گرێبەستەکان بە شێوەی ساڵانە بەبێ پێداچوونەوە یان چاودێری ڕاستەقینە، ئامانجەکانی پرۆگرامەکە بەدی ناهێنێت".

وتیشی: "وەزارەت کار دەکات بۆ داڕشتنی بنەما و ڕێسایەک کە پەیوەندی نێوان سندوقی دەستەبەری تەندروستی و دامەزراوە تەندروستییە ئەهلییەکان ڕێکبخات".

لە چوارچێوەی پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکاندا، موسەوی جەختی کردەوە لە "لادانی یەکێک لەو کۆتوبەندانەی کە ڕێگر بوو لەبەردەم ئەو هاووڵاتیانەی کە دەستەبەری تەندروستی دەیانگرێتەوە بۆ سەردانیکردنی کلینیکەکانی پزیشکی خێزان، کە پێشتر مەرج بوو سەردانی ئەو نەخۆشخانە دیاریکراوە بکەن بۆ وەرگرتنی خزمەتگوزارییەکە"، ڕوونیشیکردەوە: کە "ئەم ڕێکارە ئامانجی ئاسانکاری گەیشتنی هاووڵاتیانە بە چاودێری تەندروستی".

هەروەها تەئكیدی لەسەر پێویستی "بوونی پابەندبوونی ئەخلاقی و پیشەیی ڕوون کردەوە لەلایەن ئەو دامەزراوە تەندروستیانەی کە گرێبەستیان لەگەڵ سندوقی دەستەبەری تەندروستیدا هەیە"، دووپاتیشی کردەوە کە "سندوقەکە بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیان دامەزراوە نەک بۆ بەفیڕۆدانی پارە".

وەزیر ئاشکرایکرد: حاڵەتی زێدەڕەوی لە پشکنین و ڕێکارە پزیشکییەکان لەناو هەندێک لە دامەزراوە تەندروستییە ئەهلییەکاندا بەدی کراوە، لەوانە "ئەنجامدانی ٢٢ پشکنینی تاقیگەیی بۆ یەک نەخۆش، و هەڵبژاردنی پشکنینی تێچوو بەرز بەبێ هیچ پاساوێکی پزیشکی ڕوون، سەرەڕای تۆمارکردنی بڕە پارەیەک کە دەگاتە یەک ملیۆن و نیو دینار کە پارەی دەستەبەری تەندروستی دەیگرێتە ئەستۆ بۆ ئەو حاڵەتانەی کە هیچ نەشتەرگەرییەکیان بۆ نەکراوە".

موسەوی جەختیکردەوە: "ئەم سەرنجانە لە هۆکارە سەرەکییەکانی پشت بڕیاری ڕاگرتنی نوێکردنەوەی هەندێک لە گرێبەستەکان بوون تا ئەو کاتەی بەندە پەیوەندیدارەکان هەموار دەکرێنەوە"، تەئكیدیشی لەسەر "پابەندبوونی خۆی بەم بڕیارە کردەوە تا ئەو کاتەی گرێبەستە ئیمزاکراوەکانی نێوان وەزارەتی تەندروستی و دامەزراوە ئەهلییەکان دەگونجێنرێن لەگەڵ ڕێسا یاساییەکان و پێوەرە پیشەیی و ئەخلاقییەکان، بە شێوەیەک کە پاراستنی پارەی گشتی و بەدیهێنانی باشترین خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان دەستەبەر بکات".