ئەنبار - INA - ئەحمەد دلێمی

بەڕێوبەرایەتی ئاوی پارێزگای ئەنبار، ئەمڕۆ سێشەممە، ڕاگەیاندنی پڕۆژەی کۆمەڵگەی ئاوی ئەندەلوس و کردنەوەی کۆمەڵگەی ڕەعوودی لە قەزای کەرمە ڕاگەیاند؛ بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە کەمیی ئاو لە ناوچەکەدا.

ئەندازیار مەحموود سالم، بەڕێوبەری ئاوی ئەنبار، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "پارێزگاری ئەنبار ئەندازیار عومەر مەشعان دەبووس، بەردی بناغەی بۆ پڕۆژەی دابینکردن و دامەزراندنی کۆمەڵگەی ئاوی ئەندەلوس لە گوندی سوبەیحاتی سەر بە قەزای کەرمە دانا"، ڕوونیشی کردەوە کە "پڕۆژەکە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی خۆجێییدا دێت بۆ پەرەپێدانی کەرتی ئاو و باشترکردنی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش بە هاووڵاتیان دەکرێن."

سالم وتیشی "وردەکارییەکانی پڕۆژەی کۆمەڵگەی ئاوی ئەندەلوس بریتییە لە دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی تەواوکار بۆ پاڵاوتنی ئاو بە توانای 200 مەتر سێجا لە کاتژمێرێکدا، لەگەڵ جێبەجێکردنی تۆڕ و هێڵەکانی گواستنەوە بە درێژایی 14 کیلۆمەتر"، ئاماژەی بەوەش دا کە "ئامانج لەم پڕۆژانە چارەسەرکردنی کەمیی ئاو و کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و گرفتەکانە لە دابینکردنی ئاوی خواردنەوەدا، لەپاڵ فراوانکردنی مەودای خزمەتگوزارییەکە بۆ ئەو ناوچانەی سوودمەند دەبن."

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌یش وت كه‌: "پارێزگار کۆمەڵگەی ئاوی ڕەعوودیشی لە ناحیەی خەیراتی سەر بە قەزای کەرمە کردەوە"، ڕوونیشی کردەوە کە "کۆمەڵگەکە دوو یەکەی پاڵاوتنی ئاو لەخۆدەگرێت کە توانای هەر یەکەیەکیان 200 مەتر سێجایە لە کاتژمێرێکدا، ئەمەش سەقامگیری دابینکردنی ئاوی شیاو بۆ خواردنەوە بەهێز دەکات و پەستان لەسەر پڕۆژە ئاوییەکانی دیکەی ناوچەکە کەمدەکاتەوە."

ئاماژەی بەوەش دا کە "ئەم پڕۆژانە زیادبوونێکی گرنگن بۆ کەرتی ئاو لە قەزای کەرمە، و بە شێوەیەکی ئەرێنی ڕەنگدەدەنەوە بەسەر دۆخی دابینکردنی ئاودا لە ڕێگەی زیادکردنی بڕی ئاوی بەرهەمێنراو و باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکە"، جەختیشی کردەوە لەسەر "بەردەوامیی بەڕێوبەرایەتی ئاوی ئەنبار لە جێبەجێکردنی پلانەکانی کە ئامانجیان پەرەپێدانی ژێرخانی پڕۆژە ئاوییەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتیانە لە ناوچە جیاجیاکانی پارێزگاکەدا."