بەغداد - INA - وەسـام مەلا
باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق عیرفان سدیق، جەختی کردەوە کە شانشینی یەکگرتوو بەردەوام دەبێت لە هاوبەشیکردنی لەگەڵ عێراق بۆ پاڵپشتیکردنی گەشەپێدانی بەردەوام، و ئاماژەی بەوەش دا کە گۆڕانکارییە دیمۆگرافییەکان لە عێراقدا دەرفەتی گرنگ پێکدەهێنن بۆ وەبەرهێنان لە سێ بواری جیاوازدا.
سدیق لە گوتارێکدا لە کاتی ئاهەنگی کۆتاییهاتنی بەرنامەی گۆڕانی دیمۆگرافی لە عێراق، کە پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ئامادەی بوو، ڕایگەیاند: "ئەم بەرنامەیە گوزارشت لە هاوبەشییەکی سەرکەوتوو دەکات کە بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە نێوان حکومەتی شانشینی یەکگرتوو، حکومەتی فیدراڵی لە عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و سندوقی دانیشتوانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکاندا بەردەوام بووە"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "ئەم هاوکارییە گرنگیی تێکەڵکردنی هەوڵەکان لە نێوان حکومەتەکان، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، هاوبەشانی جێبەجێکار و کۆمەڵگە خۆجێییەکاندا بەرجەستە دەکات بەمەبەستی بەدیهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام، خۆشگوزەرانی مرۆڤ و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ هەمووان."
وتیشی "شانشینی یەکگرتوو بەرز دەنرخێنێت هەوڵەکانی سەرجەم هاوبەشە حکومی و نێودەوڵەتییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنە جێبەجێکارەکان لەبەرامبەر ئەو بەشدارییە بنەڕەتییانەی پێشکەشیان کردووە، کە یارمەتیدەر بوون لە بەدیهێنانی ئەنجامی بەرجەستە و بەردەوام لە بەرژەوەندی گەلی عێراقدا."
ڕوونیشی کردەوە کە "بەرنامەکە لە ساڵی 2021وە، بە هاوکاری لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عێراق کاری کردووە بۆ بەهێزکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، بنیاتنانی زانیاری و دابینکردنی ئەو بەڵگانەی کە پێویستن بۆ پاڵپشتیکردنی بڕیاردانی سیاسی و پلاندانانی گەشەپێدانی درێژخایەن"، تیشکی خستە سەر ئەوەش کە "بەرنامەکە بەشدار بووە لە باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی ڕێکخستنی خێزان، زیادکردنی هۆشیاری لەسەر نێوانبڕی تەندروست لە نێوان منداڵبوونەکاندا و پەرەپێدانی سیاسەتە حکومییەکان، جگە لە پاڵپشتیکردنی سیستمی مۆدێرن بۆ بەڕێوەبردنی زانیارییە لۆجستییەکان، ئەمەش بە شێوەیەکی ئەرێنی ڕەنگی داوەتەوە بەسەر تەندروستی دایکان و منداڵاندا."
باسی لەوەش کرد کە "بەرنامەکە بایەخێکی تایبەتی داوە بە بەهێزکردنی گەنجان، بەتایبەتی کچانی مێردمنداڵ، ئەمەش لە ڕێگەی دەستپێشخەرییە قوتابخانەییەکان و چالاکییەکانی پەرەپێدانی کارامەیییەکانی ژیان، بە شێوەیەک کە هۆشیاری سەبارەت بە تەندروستی، مافەکان و دەرفەتەکانی داهاتوو بەهێز بکات"، جەختیشی کردەوە کە "پڕچەککردنی گەنجان بە زانیاری و کارامەیی، کۆڵەکەیەکی بنەڕەتییە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی گەشەسەندووتر و گشتگیرتر."
ئاماژەی بەوەش دا کە "ئەم هاوبەشییە بەشدار بووە لە پاڵپشتیکردنی هەوڵە مرۆییەکان و بوژانەوەدا، ئەمەش لە ڕێگەی (مەڵبەندی هیوا بۆ ڕاهێنانەوە) کە خزمەتگوزاری پێشکەش بەو گەڕاوانە کردووە کە لە بارودۆخێکی زۆر نالەباردا بوون لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریاوە لەگەڵ خێزانەکانیاندا، و یارمەتی دان بۆ دووبارە تێکەڵبوونەوەیان لەناو کۆمەڵگەکانیاندا"، دووپاتیشی کردەوە لەسەر "گرنگی بەستنەوەی نێوان کاری مرۆیی، بوژانەوە و گەشەپێدانی بەردەوام."
سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا کە "بەرنامەکە بەشدار بووە لە بەهێزکردنی سیستمی داتا و ئامار لە عێراقدا، ئەمەش لە ڕێگەی پاڵپشتیکردنی شیکردنەوە و بەکارهێنانی داتاکانی سەرژمێری گشتی دانیشتوان بۆ ساڵی 2024، بە شێوەیەک کە بنەمایەکی گرنگ دابین بکات بۆ پلاندانانی داهاتوو و بڕیاردان لەسەر بنەمای بەڵگە."
جەختی کردەوە کە ئەم "دەستکەوتانە بەهۆی هاوکارییەکی توندوتۆڵ لە نێوان حکومەتی فیدراڵی، حکومەتی هەرێمی کوردستان، سندوقی دانیشتوانی نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوبەشە جێبەجێکارەکان بەدی هاتوون"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "بەردەوامی تەوەرێکی سەرەکی بووە لە بەرنامەکەدا لە ڕێگەی بنیاتنانی توانای نیشتمانی، بەهێزکردنی سیستمەکان و پاڵپشتیکردنی چارەسەرە خۆجێییەکان."
سدیق پێداگری کرد لەسەر ئەوەی کە "گۆڕانکارییە دیمۆگرافییەکان لە عێراقدا دەرفەتی گرنگ پێکدەهێنن کە پێویستیان بە وەبەرهێنان هەیە لە بوارەکانی تەندروستی، پەروەردە، پەرەپێدانی کارامەییەکان و فراوانکردنی دەرفەتە ئابوورییەکاندا"، جەختیشی کردەوە کە "شانشینی یەکگرتوو وەک هاوبەشێکی پابەند لەگەڵ عێراقدا دەمێنێتەوە بۆ بەردەوامبوونی پاڵپشتیکردنی کاروانی گەشەپێدان و گەشەسەندن."
