بەغدا - INA
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکی تیمی خزمەتگوزاری و ئەندازیاری، عەبدولڕەزاق مالیکی، ڕایگەیاند کە زیاتر لە 7 ملیۆن هاوڵاتیی عێراقی لەو خزمەتگوزارییانە سوودمەند بوون کە تیمەکە پێشکەشیان دەکات، جەختیشی کردەوە لە تەواوکردنی 525 ناوچە بە تەواوی لەسەر ئاستی وڵات تاوەکو ئێستا، لە کاتێکدا ئاماژەی بە هاوکاریی خۆی لەگەڵ کەرتی تایبەت کرد لە پرۆسەی جێبەجێکردندا، دووپاتی کردەوە کە میکانیزمی "دۆزینەوەکان" (الاستكشافات) پەیڕەو کراوە بۆ گرتنەوەی ناوچە نوێیەکان.
مالیکی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: تیمەکە بەردەوامە لە کارەکانی لە 12 پارێزگادا، بە شێوەیەک کە ڕووبەری ئەو شەقامانەی جێبەجێ کراون 16 ملیۆن و 300 هەزار مەتر دووجای تێپەڕاندووە، سەرەڕای نزیکەی 6 ملیۆن و 200 هەزار مەتر دووجا لە کارە خزمەتگوزارییەکانی دیکە، جەختیشی لە نزیکبوونەوەی چوونەناوی پارێزگایەکی نوێ بۆ ناو پلانی تیمەکە لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا کردەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد: یەکەم کۆبوونەوەی حکومەتی ئێستا بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، کە لە کۆشکی حکومەت بەڕێوەچوو، چەندین ڕێنمایی لێکەوتەوە بۆ داڕشتنی پلانێکی نوێ کە گەلێک ناوچە لە پارێزگاکاندا بگرێتەوە، ڕوونیشی کردەوە کە وەڵامدانەوەکە لە ڕێگەی دامەزراندنی (بەشی دۆزینەوەکان و داتاکان)ی سەر بە لیژنەی دۆزینەوەکان بووە، کە بەرپرسە لە دەستنیشانکردنی ئەو ناوچانەی ماونەتەوە وەک ئامادەکارییەک بۆ گرتنەوەیان لە پلانەکانی داهاتووی تیمەکەدا.
سەبارەت بە میکانیزمی جێبەجێکردنیش، مالیکی بۆ (INA) ڕوونی کردەوە: کارەکان سپێردراون بە کۆمپانیا حکومییەکانی (حەموورابی، فاو، ئاشوور، فارووق)، و بەڕێوەبەرایەتیی تیمی خزمەتگوزاریی حەشدی شەعبی، و فەرمانگەی ئاوەڕۆی ئەمانەی بەغدا، سەرەڕای لقەکانی ئەو پێکهاتانە لە پارێزگاکاندا، ئاماژەی بەوەش کرد کە 70%ی کارەکان بە شێوازی جێبەجێکردنی ڕاستەوخۆ دەکرێن، لە کاتێکدا کەرتی تایبەت 30%ی ڕێژەی ماوە بۆ کڕینی ماددە و پێداویستییەکانی وەک بۆريی و بەردی شۆستە جێبەجێ دەکات.
ئەوەشی خستەڕوو: ئەم شێوازە بەشدار بووە لە گەرەنتیی بەردەوامبوونی کارەکان بەبێ پشتبەستنی ڕاستەوخۆ بە دابینکردنی دارایی و بودجە، ئەمەش لە ڕێگەی پشتبەستن بە کادرە حکومییەکان و ئەو کارگانەی چەو و کۆنکرێت کە کۆمپانیاکان خاوەنیانن.

