جێگری سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت ئێران ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر بانگهێشتکردنی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بۆ پشکنین.

جەی دی ڤانس ڕۆژی دووشەممە 22ی مانگی شەش پێش ئەوەی شوێنی وتووێژەکان لەگەڵ ئێران لە سویسرا بەجێبهێڵێت بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "دانوستانە تەکنیکییەکان لەگەڵ ئێران چەند هەفتەیەک دەخایەنێت تا دەگەینە ڕێککەوتنی کۆتایی، ئێمەش بناغەیەکی زۆر باشمان بۆ ڕێککەوتنێکی کۆتایی داناوە، بەڵام کارێکی زۆر ماوەتەوە."

ڤانس بە ئاماژە بەوەی کە ئێران ڕازی بووە بە بانگهێشتکردنی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بۆ ئەو وڵاتە، وتی پێدەچێت ئەم هەفتەیە یان تەنانەت ئەمڕۆش ڕووبدات.

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکرد ئەمەریکا "پێشکەوتنی زۆری" لە دانوستانە ئەتۆمییەکاندا بەدەستهێناوە و چوارچێوەیەکی بۆ گفتوگۆی تەکنیکی زیاتر داناوە.

وتیشی لە ڕۆژان و هەفتەکانی داهاتوودا تیمەکانی ئەمەریکا لە دانوستانە تەکنیکییەکان لەگەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی، قەتەر و پاکستان لە شاری بێرگنستۆک لە سویسرا لە ژێر چاودێریدا، بەردەوام دەبن.

ڤانس ئاماژەی بەوەشکرد گفتوگۆ ئەتۆمی و ئابوورییەکان بەردەوام دەبن، هاوکات هەوڵەکان بۆ لابردنی مین لە تەنگەی هورمز و دڵنیابوون لە دەستپێکردنەوەی هاتوچۆی کەشتیوانی بەردەوامن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ڤانس جەختی لەوە کردەوە کە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران لە سویسرا "پێشکەوتنی زۆر باش"ی بەخۆیەوە بینیوە و بە ئاماژەدان بە ئازادکردنی سەروەت و سامانی بەستووی تاران، وتی "ئێمە دەمانەوێت پرۆسەیەک دروست بکەین کە دڵنیابین لەوەی ئەو سەروەت و سامانانە دەگاتە دەستی ئێرانییەکان، نەک ئەوەی بۆ تیرۆر بەکاربهێنرێت."