بەغدا – INA

ئەمڕۆ دووشەممە، ئەنجومەنی باڵای دادوەری، بەرزبوونەوەی کۆی گشتیی ئەو پارانەی ڕاگەیاند کە لە دۆسیەی بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن دەستیان بەسەردا گیراوە.

لە ڕاگەیەندراوێکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریدا کە دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) کەوتووە، هاتووە: داوەرى لێکۆڵینەوەی دادگای تاوانەکانی ناوەندی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، جەختی لەسەر بەردەوامبوونی لێکۆڵینەوەکان کردووە لە دۆسیەی بریکاری دەستبەسەرکراوی وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن، عەدنان جومەیلی، و ئەو لایەنانەی کە لەگەڵیدا تێوەگلاون.

ئاماژەی بەوەشکرد کە: لە ئەنجامی بەدواداچوونی ورد بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو داهاتە داراییانەی کە لێکەوتەی ئەو بەهەدەردانەن کە لەو پڕۆژانەدا ڕوویانداوە کە لە لایەن تۆمەتبار و لایەنەکانی دۆسیەکەوە جێبەجێ کراون، کۆی گشتیی ئەو بڕە پارە داراییانەی دەستیان بەسەردا گیراوە بەرز بووەتەوە بۆ (10) ملیۆن دۆلاری ئەمریکی و (31) ملیار دینار.

ئاماژەی بەوەشکرد: ئەو هەوڵە بەردەوامانەی لە لایەن دادگاوە دراون، دوێنێ یەکشەممە، بوونە هۆی دەستبەسەرداگرتنی نزیکەی (20) ملیار دینار کە لە یەکێک لە کێڵگە کشتوکاڵییەکاندا داپۆشرابوو، سەرەڕای پووچەڵکردنەوەی قاچاخچێتی بە (5) ملیار دیناری عێراقی لە یەکێک لە پارێزگاکاندا.

ئەوەشی خستەڕوو: ڕێکارە یاساییەکان دەستبەسەرداگرتن و بلۆککردنی (70) خانووبەرە و (21) ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز، لەگەڵ زێڕ و خشڵ کە بە نزیکەی (3) کیلۆگرام دەخەمڵێندرێت گرتووەتەوە، جەختیشی کردەوە کە لێکۆڵینەوەکان و ڕاوەدوونانی تێوەگلاوانی دیکە تا تەواوبوونی سەرجەم ڕێکارە یاساییەکان بەردەوام دەبن.