بەغدا – INA

ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی بازرگانی، تەواوبوونی ڕاگەیاندنی خزمەتگوزاریی جیاکردنەوەی خێزانەکانی بە شێوازی ئەلیکترۆنی لە بەغدا و سەرجەم پارێزگاکان ڕاگەیاند.

لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتەکەدا کە دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) کەوتووە، هاتووە: وەزارەت خزمەتگوزاریی جیاکردنەوەی خێزانەکانی لە لقەکانی تەموین لە (نەینەوا، کەرکووک، سلێمانی، هەولێر، هەڵەبجە، بەسرە، زیقار، میسان، دیوانییە، موسەننا، سەلاحەددین، ئەنبار، بەلەد، کەربەلای پیرۆز، نەجەفی ئەشرەف) لە ڕێگەی بەرنامەی کارتی تەموینی ئەلیکترۆنییەوە ڕاگەیاندووە.

بەپێی بەیاننامەکە، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پلان دانان و بەدواداچوون، تالیب حەسەن نیعمە، ڕوونی کردووەتەوە: ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی وەزارەتدایە بۆ پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکانی تەموین و ئاسانکاریی ڕێکارەکان بۆ هاووڵاتییان لە ڕێگەی بەکارهێنانی سیستمی ئەلیکترۆنیی هاوچەرخەوە.

ئەوەشی خستەڕوو: ئەم خزمەتگوزارییە پێشتر لە سەرجەم لقەکانمان لە بەغدا و لقەکانی تەموین لە (واسط، دهۆک، بابل، دیالە) ڕاگەیاندرابوو، بەمەش ئەم خزمەتگوزارییە بۆ سەرجەم هاووڵاتییان لە تەواوی لقەکانی تەموینماندا بەردەست بوو.