بەغدا – INA

ئەمڕۆ یەکشەممە،وەزارەتی نەوتی عێراق، جەختی کردەوە لەسەر هەوڵەکانی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بۆ نزیکەی 4.3 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا و کارکردن بۆ زیادکردنی هەناردەی نەوت.

نەسیر عەزیز، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری دەرهێنان لە بەیاننامەیەکدا، کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ناردوویەتی تیایدا ڕایگەیاندوە : یەکێک لە گرنگترین کارە لەپێشینەکانی ئێستام،سەرپەرشتیکردنی پلانی نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی باشوورە، کە وەزارەت بەهۆی قەیرانی جەنگی کەنداوەوە ناچار بوو ئاستی بەرهەمهێنانیان بە ڕێژەی جیاواز دابەزێنێت، ئەوەش بەپێی پێداویستی ناوخۆیی و جووڵەی هەناردەی نەوت.

ئاماژەی بەوەشکرد : کە داوای لە بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیا نەوتییەکان کردووە دۆخی کێڵگەکان هەڵبسەنگێننەوە و پەلە بکەن لە پرۆسەکانی بەرهەمهێنان ، و هەروەها کار بکەن بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگە هونەری و کارگێڕییەکان، بە مەبەستی زیادکردنی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بەندەرەکانی باشوور و دڵنیابوون لە بەردەوامبوونی دابینکردنی پێداویستییەکانی پاڵاوگە نیشتمانییەکان بە نەوتی خاو.

بریکاری وەزارەتی نەوت لەبەیاننامەکەیدا دەشڵێت : گەڕاندنەوەی بەرهەمهێنانی نیشتمانی بە شێوەیەکی قۆناغ بە قۆناغ بۆ ئاستی پێش قەیرانەکە (4.2 بۆ 4.3 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا)، و بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەی نەوت، بەتایبەت لە دەروازەکانی باشوور، بۆ ئاستەکانی پێشوویان کە نزیکەی 3.5 ملیۆن بەرمیل بوو لە ڕۆژێکدا.

دەشلێت : وەزارەت پشت بە توانای نیشتمانی و هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان دەبەستێت بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگە هونەری و لۆجستییەکان، لەبارەی نەوتی باکوور و ناوەڕاست، ئەوە لەبەیاننامەکە دەخاتە ڕوو : بەدواداچوونی بەرهەمهێنان لە کۆمپانیای نەوتی باکوور و ناوەڕاست، و بەهێزکردنی گواستنەوەی نەوت لە کێڵگەکانی باشوور بۆ دەروازەی جەیهانی تورکی بەردەوامە و هەروەها گرنگیدان بە ناوچە پشکنینییەکان و کێڵگە نەوتی و گازییەکان، هەروەها پاڵپشتیکردنی پرۆژەکانی وەبەرهێنانی گازی هاوەڵ و گازی سروشتی بۆ کەمکردنەوەی پشت بەستن بە هاوردەکردن.

هەروەک هەوڵی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکانی کارا لە عێراق و دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ هاندانی کۆمپانیا وەبەرهێنەرە جێگەی متمانەکان دەدەین.