بەدواداچوون - INA
ئەمرۆ یەک شەممە،وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، تیمەکانی بەرگری شارستانی بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای مۆدێرن و سیستەمی چاودێری (GPS)، توانیویانە کاتی گەیشتن بۆ شوێنی ڕووداوەکان بۆ ماوەی 5 بۆ 7 خولەک کەم بکەنەوە، کە ئەمەش هاوتای ستانداردە جیهانییەکانە.
لیوا ڕائد عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری بەشی وەڵامدانەوە و کۆنترۆڵی ناوەندی (911) بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: ئۆتۆمبێلەکانی ئاگرکوژێنەوە بە نوێترین سیستەمی پەیوەندی و ئامێری چاودێری ئامادەکراو بۆ ئەوەی خێرا بگەنە شوێنی ڕووداوەکان.
ووتیشی : هەماهەنگییەکی بەردەوام لە نێوان بەرگری شارستانی و بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ هەیە بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلە فریاگوزارییەکان لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکەکانیاندا ڕێگەیان بۆ چۆڵ بکرێت.
راشیگەیاند : سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە تەنها لە ئەستۆی دەزگا ئەمنییەکان نییە، بەڵکو هاووڵاتیان بەرپرسیارن لە پەیوەندیکردنی خێرا بۆ ئاگادارکردنەوە لە ڕووداوەکان و هەروەها پابەندبوون بە ڕێنماییەکانی هاتوچۆ و چۆڵکردنی ڕێڕەوی ئۆتۆمبێلە فریاگوزارییەکان، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی زیانە گیانی و ماددییەکان.



