بەغدا - INA
ئەمڕۆ شەممە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن و شارەوانی گشتی میكانیزمێكی بۆ گەرەنتیكردنی (سودمەندی كۆمەڵایەتی) لە شارە نوێیەكانی نیشتەجێبوون ڕاگەیاند، وەزارەتەكە وێڕای ئاماژەدان بە هێنانە ناوەوەی بڕگەی ئیجباری نوێ لە گرێبەستەكانی وەبەرهێناندا بۆ دڵنیابوون لە پشكی دەوڵەت، هەروەها تێچووی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی بۆ هەر مەتر چوارگۆشەیەك دیاریكرد.
نەبیل سەفار وتەبێژی وەزارەت بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند : گرێبەستە نوێیەكان كە مۆدێلی گەشەپێدەری خانووبەرە لەخۆدەگرن، بە شێوەیەكی یاسایی گونجێندراون بۆ گەرەنتیكردنی یارمەتییە كۆمەڵایەتییەكان و پشكێك بۆ دەوڵەت لە 10 بۆ 25%ی یەكەكانی نیشتەجێبوون كە بەسەر گروپە شایستەكاندا دابەشبكرێن، ئاماژەی بەوەشكرد، شاری عەلی وەردی نزیكەی 12 هەزار یەكە نیشتەجێبوون بەخۆڕایی بۆ شارەكە دابین دەكات لە كۆی گشتی لە نێوان 120 هەزار بۆ 130 هەزار یەكە، سەفار ڕوونیشیكردەوە، تێچووی گەیاندنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی وەك ئاو، ئاوەڕۆ، كارەبا و ڕێگاوبان نزیكەی 75 هەزار دیناری عێراقییە بۆ هەر مەتر چوارگۆشەیەك، جەختیشی لەوە كردەوە كە وەزارەت دیدگایەكی خستووەتە بەردەم دەوڵەت بۆ ئەوەی لەسەدا 50ی تێچووی گەشەپێدەری خانووبەرە لە ئەستۆ بگرێت بۆ كەمكردنەوەی بارگرانی دارایی لەسەر هاووڵاتیان و فەرمانبەران.


