سەرکردەکانی پەیمانی ئەتڵەسی باکور، ناسراو بە ناتۆ، لە سەرەتای مانگی داهاتوو لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا کۆبوونەوەی لوتکەی هاوپەیمانێتییەکە ئەنجامدەدەن و چاوەڕوان دەکرێت جگە لە بەشداری سەرۆک دۆناڵد ترامپ، چەندین بەرپرسی سیاسی ئەمەریکا ئامادە بن.

ئەمە یەکەمجارە لەماوەی زیاتر لە بیست ساڵی ڕابردوودا كە تورکیا میوانداری ئەم کۆبوونەوانە بکات.

چاوەڕوان دەکرێت چەندین ئەندامی کۆنگرێس بەشداربن. وەک بەشێک لە ئامادەکارییەکان، لە واشنتن چەندین چالاکی لەلایەن ناوەندەکانی توێژینەوەوە ئەنجام دەدرێن.

لە ئەم چوارچێوەیەدا رۆژی چوارشەممە، ناوەندی ئەتڵەنتیک کاونسڵ دیدارێکی ڕێکخست بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی تەوەرە و چاوەڕوانییەکانی ئەم کۆبوونەوەیە. ئەم دیدارە بە بەشداری دەیان سیاسەتمەدار، یاسادانەر، دیپلۆمات و زیاتر لە بیست باڵیۆز و نوێنەرانی وڵاتانی جیاواز بەڕێوەچوو.

لە دیدارەکەدا دوو سیناتۆری ئەنجوومەنی سینات، جین شاهین و تۆم تیلیس، کە ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزاری چەکداریی ئەنجوومەنی سیناتن، باسیان لە گرنگی یەکگرتوویی ناتۆ و پێشخستنی توانا سەربازییەکان کرد.

سێناتۆر شاهین جەختی لەسەر یەکدەنگی ئەندامانی ناتۆ کردەوە و ڕایگەیاند، " ئەگەر بتوانین بە یەکدەنگ و بە هاوڕایی بڕۆین بۆ کۆبوونەوەکانی لوتکەی ناتۆ سەبارەت بە ئۆکراینا و وەڵامدانەوەی ئەو جەنگە، وە بە یەکدەنگی ئەو نیگەرانییانە چارەسەربکەین کە وڵاتانی ناتۆ هەیانە، ئەوا لوتکەیەکی ئەرێنی دەبێت و پەیامێکی ئەرێنی دەبێت بۆ جیهان."

لای خۆیەوە سێناتۆر تیلیس ئاماژەی دا بەوەی ناتۆ هێشتا چەند نەیار و دۆژمنێکی ماوە و وتی، "هیوادارم کە بتوانین دان بەوەدا بنێین کە هێشتا ڕووسیا لە نەیارە سەرەکییەکانی ئێمەیە. هێشتا چین یەکێکە لە سەرەکیترین نەیار و رکابەرەکانمان... ئێرانیش دوژمنە و هەمیشە دوژمن دەبێت."

یەکێک لە بابەتە گرنگەکان کە لە دیدارەکەدا باسکرا پرسی خەرجی بەرگریی ناتۆ بوو. پاش ساڵانێک لە کەمکردنەوەی خەرجی، وڵاتانی ئەوروپایی و کەنەدا بە شێوەیەکی بەرچاو بودجەی بەرگریان زیادکردووە. تەنها لە ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە نەوەد ملیار دۆلار زیادکرا بۆ بواری بەرگری.

سیناتۆر شاهین وتی ئەمە بەرەوپێشچوونێکی بەرچاوە. " کاتێک گرووپەکەمان دەستیکرد بە چاودێریکردنی خەرجی ناتۆ، تەنها نزیکەی پێنج وڵات لە سەدا دووی کۆی بەرهەمی ناوخۆیییان لە بەرگریدا خەرجدەکرد، ئێستا خەریکە هەر 32 وڵاتەکە لە لە سەدا دوو نزیکدەبنەوە و دەمانەوێت بگەینە سەدا پێنج. وابزانم نزیکەی حەوت وڵات ئێستا لە سەدا سێ یان سێ و نیوی کۆی بەرهەمی ناوخۆیییان لە توانای بەرگریدا خەرجدەکەن."

لە هەمان کاتدا، ئاستەنگی دابینکردنی کەرەستە و پێداویستییە جەنگییەکان بۆ ئۆکراینا و هەروەها بۆ خودی ئەندامانی ناتۆ بەردەوامە. سێناتۆرەکان باسیان لەوە کرد کە توانای پیشەسازی بەرهەمهێنان و دابینکردنی پێداویستی سەربازی ئۆکراینا لە ئاستی پێویست نییە، بۆیە کۆنگرێس کاردەکات بۆ نوێکردنەوەی ڕێساکان و سیستەمی گرێبەست و کڕین بە خێراترکردنی پرۆسەی بەرهەمهێنان و دابینکردنی پێداویستی سەربازی.

سیناتۆر شاهین وتی، "یەکێک لەو شتانەی کە بۆ من بەڕاستی چاوکرانەوەبوو … ئەوە بوو کە بەهۆی جەنگی ئۆکرایناوە تێگەیشتم کە کۆگاکراوی چەک و تفاقی سەربازییمان بەو شێوەیە نەبوو کە چاوەڕوانمان دەکرد."

بەشێکی تر لە گفتوگۆکان تایبەت بوو بە گۆڕانی شێوازی جەنگ و کاریگەری زیرەکی دەستکرد لەسەر شەڕ و پێویستی ناتۆ بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانە.

ئەم چالاکییە نموونەیەکە لە بۆچوونی سیاساتمەداران و یاسادانەران لە ئەمەریکا دەربارەی چۆنیەتی رێکخستن و بەرەوپێشبردنی ناتۆ. لەکاتێکدا کە وڵاتانی ناتۆ خەرجی بەرگرییان زیادکردووە، کۆبوونەوەکانی ناتۆ لە ئەنقەرە یەکڕیزی و یەکگرتوویی ڕێکخراوەکە لە چەندین بواردا تاقی دەکەنەوە و پێشکەوتنی هاوپەیمانان هەڵدەسەنگێنێنن، بە تایبەتی لە بواری خەرجی سەربازی و تواناکانی بەرگری.

ئەم ڕاپۆرتە لەلایەن مەریوان حەمە لە واشنتنەوە ئامادە کراوە.