بەغدا - INA - نەسار ئەلحاج
ئەمڕۆ هەینی، دەستەی دەسپاکی فیدراڵی، جێبەجێکردنی بەرنامەی (شەفافییەت و پاراستنی ماڵی گشتی) لە سەرجەم فەرمانگەکانی دەوڵەتدا ڕاگەیاند، هاوكات دیارترین ئەو دۆسیانەی خستەڕوو کە بەرنامەکە جەختیان لەسەر دەکاتەوە لەگەڵ پلانەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەیسانەی کە هێشتا یەکلا نەکراونەتەوە.
دەستەکە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ڕایگەیاند: "بەرنامەی (شەفافییەت و پاراستنی ماڵی گشتی) لەلایەن دەستەکەوە بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران ڕاگەیەندراوە، بە ئامانجی بەهێزکردنی بەهاکانی دەسپاکی و شەفافییەت لە کاری حکومیدا، و چەسپاندنی بنەماکانی لێپرسینەوە و پاراستنی ماڵی گشتی"، ڕوونیشیکردەوە کە "بەرنامەکە حزمەیەک لە ڕێکاری خۆپارێزی و هۆشیاری لەخۆدەگرێت کە سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەت دەگرێتەوە، بە شێوەیەک کە بەشدار بێت لە کەمکردنەوەی دەرفەتەکانی گەندەڵی و بەرزکردنەوەی متمانەی هاووڵاتییان بە کارگێڕیی گشتی".
ئاماژەی بەوەشکرد کە: "بەرنامەکە پشت بە کۆمەڵێک تەوەر دەبەستێت کە ئامانجیان چالاککردنی بنەماکانی شەفافییەت و لێپرسینەوەیە، ئەمەش لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی زانیاری و ڕاپۆرتە پەیوەندیدارەکان بە شێوازێکی شەفاف، و گرتنەبەری پێوەرگەلێکی ڕوون لە ڕێکارەکانی دامەزراندن و وەرگرتنی پۆستە کارگێڕییەکاندا، لەگەڵ جێگیرکردنی بنەماکانی شایستەیی، دادپەروەری و دەرفەتی هاوتا"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "ئەم میکانیزمانە گەرەنتی مافی هاووڵاتی بۆ دەستکەوتنی زانیاری و بەهێزکردنی چاودێریی کۆمەڵایەتی بەسەر ئەدای حکومییەوە لەخۆدەگرن".
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "بەرنامەکە ڕێکارگەلێک بۆ ئاسانکاری لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە حکومییەکان و سنووردارکردنی حاڵەتەکانی سەرانەسەندن (ابتزاز) لەخۆدەگرێت، ئەمەش لە ڕێگەی فراوانکردنی بەکارهێنانی ئامرازە ئەلیکتڕۆنییەکان و تەواوکردنی پێداویستییەکانی گۆڕانکاری بەرەو حکومەتی ئەلیکتڕۆنی"، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە "ڕێکارەکان پەرەپێدانی سیستمی یاسایی ڕێکخەری گرێبەستەکان، و بە ئەلیکتڕۆنیکردنی شێوازەکانی گرێبەستکردن دەگرنەوە، بە جۆرێک کە پشتپەستن بە توخمی مرۆیی کەمبکرێتەوە، هاوشان لەگەڵ هاندانی شاردنەوەی شوناس و ڕاپۆرتکردنی حاڵەتەکانی گەندەڵی و توانادارکردنی هاووڵاتییان بۆ پێشکەشکردنی سکاڵا و پێشنیارەکان لە چوارچێوەی یاسایی و کارگێڕی پاڵپشتدا".
دەستەکە جەختی کردەوە کە "بەرنامەکە بایەخێکی تایبەت بە پەرەپێدانی کارگێڕی و هەڵسەنگاندنی سیاستە حکومییەکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەدات، جگە لە بەهێزکردنی هاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەت، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، زانکۆکان و سەنتەرەکانی توێژینەوە"، تەئکیدیشی لەسەر "گرنگیی سوودوەرگرتن لە شارەزاییە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان کردەوە لە پاراستنی ماڵی گشتی و چەسپاندنی کولتووری دەسپاکی و شەفافییەت لە کۆمەڵگادا".
ڕوونیشیکردەوە کە "بەرنامەکە توانادارکردنی ئامێرە چاودێرییەکان لەخۆدەگرێت بۆ بینینی ئەستۆپاکی دارایی (کەشفی زێمەی دارایی) ئەو کەسانەی پێویستە ئاشکرای بکەن، لەگەڵ سەپاندنی سزای توند بەسەر ئەو کەسانەی ڕەتدەکەنەوە کەشفەکە لە ماوە دیاریکراوەکاندا پێشکەش بکەن".
ئاماژەی بەوەش کرد کە "ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەکان و ئەو لایەنانەی کە بەستراونەتەوە بە وەزارەتەوە پابەند کردووە بە هەماهەنگیکردن لەگەڵ دەستەکە بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی بەرنامەکە"، ڕوونیشیکردەوە کە "فەرمانگەی خۆپارێزی لە دەستەکە، ئەرکی چاودێریکردنی ئاستی جێبەجێکردنەکە لە مەیداندا لە ڕێگەی تیمی پسپۆڕەوە دەگرێتە ئەستۆ، و ڕێژەی دەستکەوتەکان بەپێی فۆرمی ئامادەکراو بۆ ئەم مەبەستە هەژمار دەکات، بە مەرجێک ڕاپۆرتەکان بەرزبکرێنەوە بۆ دەستەکە بۆ دۆکیۆمێنتکردن و هەڵسەنگاندنیان، بە جۆرێک کە هێنانەدی ئامانجەکانی بەرنامەکە و چەسپاندنی کولتووری پاراستنی ماڵی گشتی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا مسۆگەر بکات".

