بەدواداچوون – INA

هەڵبژاردەی مەغریب چاوی لەوەیە هەنگاوێکی دیکە بەرەو سەرکەوتن بۆ قۆناغی 32ی جامی جیهانی بنێت، کاتێک بەرەبەیانی سبەی شەممە لە گەڕی دووەمی ڕکابەرییەکانی کۆمەڵەی سێیەم لە قۆناغی یەکەمدا، ڕووبەڕووی هاوتای سکۆتلەندیی دەبێتەوە.

هەڵبژاردەی مەغریب دوای یەکسانبوونی لەگەڵ بەڕازیل لە گەڕی کردنەوەدا بە گۆڵێک بۆ هەر لایەک، دێتە ناو یارییەکەوە، لەکاتێکدا سکۆتلەندا توانی بە گۆڵێکی بێ وەڵام سەرکەوتن بەسەر هایتیدا بەدەستبهێنێت.

هەڵبژاردەی مەغریب لەژێر سەرپەرشتیی محەمەد وەهبی ڕاهێنەریدا، هیواداردەبێت سوود لەو ئاستە بەهێزە وەربگرێت کە بەرامبەر بەڕازیل پێشکەشی کرد، ئەمەش لە پێناو بەدەستهێنانی سەرکەوتن و گەڕان بەدوای بڕینی پلیتی سەرکەوتندا.

شێرەکانی ئەتڵەس دەیانەوێت مێژوویەکی نوێ لە جامی جیهانیدا بنووسنەوە، دوای ئەو دەستکەوتە مەزنەی لە وەشانی 2022ی قەتەردا بەدەستیان هێنا کاتێک پلەی چوارەمی مۆندیالیان مسۆگەر کرد.

یارییەکەی مەغریب و سکۆتلەندا ڕۆژی شەممە لەسەر یاریگای "جیلێت ستادیۆم" لە شاری بۆستن، لە کاتژمێر 1ی شەو بە کاتی میسر و سعوودیە، و کاتژمێر 11ی شەوی هەینی بە کاتی مەغریب بەڕێوەدەچێت.

ناوبژیوانی ئۆزبەکستانی، ئیلگیز تانتاشێف سەرپەرشتیی یارییەکە دەکات، کە ئەمە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی تا ڕادەیەک یەکلاکەرەوەیە بۆ تیپەکەی محەمەد وەهبی، چونکە سەرکەوتن تیپەکەی نزیک دەکاتەوە لە مسۆگەرکردنی قۆناغی 32ی پاڵەوانێتییەکە.

شایەنی باسە، هەڵبژاردەی مەغریب و سکۆتلەندا تەنها یەکجار لە 23ی حوزەیرانی 1998 لە چوارچێوەی جامی جیهانیی فەڕەنسادا ڕووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە، کە تێیدا مەغریب بە ئەنجامی 3-0 سەرکەوتنی بەدەستهێنا بەهۆی سێ گۆڵەکەی "بەسیر"ەوە.

سەرچاوە: ئاژانسەکان