بەغدا – INA - ئامنە ئەلسەلامی

ئەمڕۆ هەینی، ئەنجومەنی ڕاژەی فیدراڵی، وردەکاریی پێشنیازی یاسای دەرچووانی کۆنی ئاشکرا کرد، و ئاماژەی بەوە کرد کە دامەزراندنی 150 هەزار پلەی وەزیفی لەخۆدەگرێت.

فازڵ ئەلغەراوی، وتەبێژی فەرمیی ئەنجومەنەکە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "پێشنیازی دەرکردنی یاسای دەرچووانی کۆن، دەستپێشخەرییەکی پەرلەمانییە کە لەلایەن ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پێشکەش کراوە، و ئامانجی چارەسەرکردنی دۆسیەی ئەو دەرچووانەیە کە پێنج ساڵ یان زیاتر بەسەر دەرچوونیاندا تێپەڕیوە لە هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس، دبلۆم و بڕوانامەکانی دیکە".

ڕوونیشیکردەوە کە "پێشنیازەکە وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ داواکارییە پەرەسەندووەکانی دەرچووانی کۆن هاتووە کە یاسا و ڕێنماییەکانی پێشووی تایبەت بە دامەزراندن نەیگرتوونەتەوە، هاوشێوەی دەرچووانی گرووپی پزیشکی و هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان و یەکەمەکان"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "داواکارییەکان کارکردن لەخۆدەگرن بۆ گەیاندنی ژمارەی دەرچووانی کۆن بۆ سفر و هێنانەکایەی 150 هەزار پلەی وەزیفی لە چوارچێوەی بودجەی ساڵی 2026دا، ئەمەش بۆ مسۆگەرکردنی گرتنەوەی سەرجەم ئەو چینانەی کە یاسا پێشنیازکراوەکە دەیانگرێتەوە، جگە لە لادانی مەرجی جیاکاری و پێشبڕکێ (المفاضلة) لە ڕێکارەکانی دامەزراندندا".

ئەلغەراوی ی دا و وتی: "پێشنیازەکە هەموارکردنی لایەنی بەرپرس لە دامەزراندنی دەرچووانی کۆن لەخۆدەگرێت بە جۆرێک کە تەنها لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی ڕاژەی گشتیی فیدراڵیدا بێت، ئەمەش بەشدار دەبێت لە بەهێزکردنی بنەماکانی دادپەروەری، شەفافییەت و ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان لە ڕێکارەکانی دامەزراندنی حکومیدا".

ئاماژەی بەوەش کرد کە "ئەنجومەنی ڕاژەی گشتیی فیدراڵی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی دەرچووانی کۆن ئەنجامداوە"، و جەختی لە "پشتیوانیکردنی بۆ داواکارییە ڕەواکانیان و پەرۆشیی خۆی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری یاسایی و کارگێڕیی دادپەروەرانە کردەوە کە بەشدار بن لە چارەسەرکردنی ئەم دۆسیەیەدا، بە شێوەیەک کە بگونجێت لەگەڵ بنەماکانی یەکسانی و دەرفەتی هاوتا کە دەستوور دەستەبەری کردوون".

تەئکیدیشی کردەوە کە "ئەنجومەنی ڕاژە سەرەدەری لەگەڵ سەرجەم دەرچووانی پسپۆڕییە جیاوازە زانستی و مرۆییەکاندا دەکات لەسەر بنەمای یەکسانی و بێ جیاکاری لە نێوان پسپۆڕییەکاندا، ئەمەش لە روانگەی بنەماکانی دادپەروەری، شەفافییەت و دەرفەتی یەکسان کە لە دەستوور و یاسا کارپێکراوەکاندا دەقیان لەسەر دراوە"، ڕوونیشیکردەوە کە "ئەنجومەنەکە بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی دامەزراندن بەپێی پێوەرە پیشەیی و یاساییە ڕوونەکان، بە جۆرێک کە مسۆگەری هێنانەدی بنەمای یەکسانی لە نێوان پێشکەشکارانی دامەزراندندا بکات".

ئەوەشی خستەڕوو کە "گرتنەوەی هەر چینێک بۆ دامەزراندن بەستراوەتەوە بە بوونی بنەمایەکی یاسایی، پلەی وەزیفی پەسەندکراو و تەرخانکردنی داراییەوە، و ئەنجومەنی ڕاژەی گشتیی فیدراڵی ئەرکی بەڕێوەبردنی دامەزراندنی لەئەستۆدایە بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی کە بموجیبی یاسا بۆی دەستنیشانکراون"، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە "ئەنجومەنەکە سەیری سەرجەم دەرچووان دەکات وەک هاوبەش لە پرۆسەی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوەدا، و کاردەکات بۆ مسۆگەرکردنی دەرفەتی هاوتا و دادپەروەرانە بۆیان، بەدوور لە هەر جیاکاری یان پێشخستنێک، بە شێوەیەک کە متمانە بە ڕێکارە حکومییەکان بەهێز بکات و دادپەروەریی وەزیفیی خوازراو بەدی بهێنێت".