بەغدا ـ INA ـ ئامنە ئەلسەلامی

ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، سەپاندنی سزای دارایی بەسەر ئەو کەسانەدا ڕاگەیاند کە خۆیان لە وێستگەکانی کێشانە دەدزنەوە، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە 60 وێستگەی کێشانە چوونەتە خزمەتەوە.

نەبیل ئەلسەفار، وتەبێژی وەزارەتەکە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "ژمارەی وێستگەکانی کێشانەی تەوەری کە بە شێوەیەکی کرداری چوونەتە خزمەتەوە گەیشتووەتە نزیکەی 60 وێستگە لە کۆی نزیکەی 82 وێستگە، کە بەسەر دەروازەکانی پارێزگاکان، ئەو ڕێگایانەی بەرەو دەروازە سنوورییەکان دەچن و کانییەکانی ماددە بیناسازییەکاندا دابەشبوون"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "وەزارەت ئامادەکاری دەکات بۆ خستنەگەڕی هەردوو وێستگەی ئەلمۆفەقیە و ئەلنەعیمانیە لە پارێزگای واسط لە ماوەی داهاتوودا".

ڕوونیشیکردەوە کە "وەزارەت لە ڕێگەی فەرمانگەی ڕێگاوبان و پردەکان، پارێزگاکان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆوە کاردەکات بۆ چاودێریکردنی کاری ئەو وێستگانە بەپێی سیستمە ئەلیکتڕۆنییە نوێیەکان، ئەمەش لەسەر بنەمای ڕێنمایی تایبەت کە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییە گشتییەکانەوە لە ڕێگەی فەرمانگەی ڕێگاوبان و پردەکانەوە دەردەچێت بۆ بەڕێوەبردن و چاودێریکردنی وێستگەکان و دانانی ڕێسای تایبەت بە کۆنترۆڵکردنیان".

ئاماژەی بەوەش کرد کە "یاسای ڕێگاوبان و پردەکان کۆمەڵێک ڕێسای بەسەر سەرپێچیکاراندا سەپاندووە، لەوانەش سەپاندنی سزای دارایی کە لە 500 هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە 1 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت بەسەر ئەو کەسانەدا کە خۆیان لە پرۆسەی کێشانەکە دەدزنەوە".

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "ئەو ئۆتۆمبێلانەی سەرپێچی کێشی تەوەری دەکەن، دەستبەسەر دەکرێن تا ئەو کاتەی بارە زیادەکەیان دادەگرن و بە خەرجی سەرپێچیکارەکە دەگوازرێتەوە دەرەوەی وێستگەی کێشانەکە، لەگەڵ سەپاندنی غەرامەیەک بە بڕی 500 دینار بۆ هەر کیلۆگرامێکی زیادە، بەپێی ماددەی (14) لە یاسای ڕێگا گشتییەکان ژمارە (35)ی ساڵی 2002ی هەموارکراو، و بڕیاری ژمارە (302)ی ساڵی 2019".

ئەوەشی خستەڕوو کە "باجێک هەیە کە بەپێی ماددەی (10) لە یاسای ڕێگا گشتییەکان ژمارە (35)ی ساڵی 2002ی هەموارکراو، و بڕیاری ژمارە (302)ی ساڵی 2019 وەردەگیرێت، کە بڕیارەکەی 5000 دینارە بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک".