بەغداد – INA
سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، عەلی فالح زەیدی، ٥ ڕێنمایی تایبەت بە کارکردنی دەروازە سنوورییەکان و گومرگی دەرکرد.
ئەم ڕێنماییانە لەسەر ڕۆشنایی ئەو کۆنگرەیە هاتن کە لە ڕێککەوتی ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بەڕێوەچوو، تێیدا فەرماندەی گشتی ڕێنمایی دا بە جێبەجێکردنی ئەم ڕێکارانەی خوارەوە:
١- گۆڕینی شوێنی کارکردنی سەرجەم کارمەندانی ناو دەروازە سنوورییەکان بێ جیاکاری لە ماوەی (٤٨) کاتژمێردا، و پێویستە لەسەر دەستەی دەروازە سنوورییەکان ڕاپۆرتێک بۆ پشتڕاستکردنەوەی جێبەجێکردنی فەرمانەکە بەرز بکاتەوە.
٢- پابەندکردنی وەزارەتی ناوخۆ - فەرماندەیی هێزەکانی سنوور بە داخستنی سەرجەم کەلێنەکان و ڕێگا لاوەکییە (نیوچە فەرمی و نافەرمییەکانی) سنوورە وشکانی و دەریاییەکان، هاوشان لەگەڵ گۆڕینی شوێنی کارکردنی سەرجەم فەرماندەکانی لیوا و یەکەکان لە فەرماندەیی هێزەکانی سنووردا.
٣- گەڕاندنەوەی سەرجەم ئەو ئەفسەر، کارمەند و فەرمانبەرانەی کە بۆ کارکردن ڕاسپێردرابوون (تنسيب) لە دەستەی دەروازە سنوورییەکان بۆ سەر وەزارەتی ناوخۆ، و پێویستە دەستبەکاربوونیان لە ماوەی (٤٨) کاتژمێردا و بەبێ هیچ جیاکارییەک کۆتایی پێ بهێنرێت.
٤- پابەندکردنی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان، کە پێکهاتوون لە: (نووسینگەی دەزگای هەواڵگری - نووسینگەی هەواڵگریی ناوخۆ - بنکەی پۆلیسی گومرگ - مەفرەزەی تەقەمەنییەکان - هۆبەی ماددە هۆشبەرەکان - مەفرەزەکانی K9) بۆ گێڕانی ڕۆڵی خۆیان لە ڕێگەی چالاککردنی ڕۆڵی ئەمنی و هەواڵگرییان لە ناو دەروازەکاندا، و بەدواداچوون بۆ ڕێگریکردن لە تێپەڕبوونی هەر ماددەیەکی قەدەغەکراو یان ماددەی هۆشبەر لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکاندا، لەگەڵ بەرزکردنەوەی ڕاپۆرتی خولیی ڕاستەوخۆ بۆ بەڕێوەبەری دەروازە سنوورییەکە وەک سەرۆکی شانەی هەواڵگری؛ ئەم دەزگایانە بەرپرسیارێتی یاسایی هەڵدەگرن لە ئەگەری ڕوودانی هەر کەمکوڕییەکی ئەمنی یان تێپەڕبوونێکی نایاسایی.
٥- پابەندکردنی فەرمانبەرانی دەستەی گشتیی گومرگ بە ئەنجامدانی پشکنینی ورد بۆ سەرجەم ئەو کاڵایانەی هاوردەی وڵات دەکرێن بەبێ جیاکاری، و ڕێگە نەدرێت بە تێپەڕبوونی هیچ بارهەڵگرێک مەگەر دوای ئەنجامدانی پشکنینی تەواو و وردبینیکردنی زانیارییەکانی بارەکە.

