بەدواداچوون – INA
کۆمپانیای "ئەپڵ"ی ئەمریکی، کە یەکێکە لە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بواری ئەلیکترۆنیات لە جیهاندا، نیازی خۆی بۆ بەرزکردنەوەی نرخی بەرهەمەکانی لە ماوەی داهاتوودا ئاشکرا کرد؛ هۆکاری ئەم بڕیارەشی بۆ بەرزبوونەوەی بەرچاوی تێچووی پارچە ئەلیکترۆنییەکانی میمۆری گەڕاندەوە کە بەهۆی گەشەی خێرای زیرەکیی دەستکردەوە دروست بووە.
ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی لە زاری تیم کووک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکەوە بڵاویکردەوە وە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بەدواداچوونی بۆ کردووە"ڕایگەیاند: بەرزکردنەوەی نرخەکان بووەتە کارێکی حەتمی و ناتوانرێت خۆی لێ بەدوور بگیرێت." ئاماژەی بەوەش کرد کە کۆمپانیاکە هەموو هەوڵێکی داوە بۆ ئەوەی خۆی تێچووە زیادەکان لەئەستۆ بگرێت و نەیخاتە سەر شانی بەکاربەران، بەڵام بەردەوامبوونی ئەم دۆخە چیتر گونجاو نییە.
پیشەسازیی ئەلیکترۆنیات لە جیهاندا ڕووبەڕووی گوشارێکی زۆر بووەتەوە بەهۆی کەمیی خستنەڕووی پارچە ئەلیکترۆنییەکانی میمۆری و بەرزبوونەوەی نرخەکانیان لە چەند مانگی ڕابردوودا؛ ئەمەش بەهۆی فراوانبوونی خێرای سەنتەرەکانی داتا بۆ زیرەکیی دەستکرد، کە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نیمچەگەیەنەرەکان لە پێشینەی کارەکانیانی دادەنێن لەسەر حیسابی ئامێرە بەکاربەرەکان.
هەرچەندە تیم کووک کاتێکی دیاریکراوی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە یان لیستی ئەو بەرهەمانەی گران دەبن دەستنیشان نەکرد، بەڵام چاوەکان لەسەر مانگی ئەیلوولی داهاتووە، کە وا بڕیارە نەوەی نوێی بەرهەمەکانی ئەپڵ ڕابگەیەنرێت، لە سەروو هەمووشیانەوە زنجیرە مۆبایلەکانی "ئایفۆن ١٧" .
شایەنی باسە، کۆمپانیای ئەپڵ بۆ ساڵانێکی زۆر توانیبووی سەقامگیریی نرخەکانی بپارێزێت بە پشتبەستن بە گرێبەستە درێژخایەنەکانی دابینکردنی پارچەکان، بەڵام گوشارەکانی ئێستا وای لە زۆرێک لە کۆمپانیا ڕکابەرەکانیش کردووە لە کەرتەکانی کۆمپیوتەری کەسی و یارییە ڤیدیۆییەکاندا نرخەکانیان بەرز بکەنەوە.

