بەدواداچوون - INA

ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی بەنزین لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ یەکەمجار لە دوای مانگی ئازاری ڕابردووەوە، بۆ خوار ئاستی ٤ دۆلار بۆ هەر گالۆنێک دابەزی. ئەمەش دوای ئەو کرانەوە سیاسییە دێت کە ناوچەکە بەخۆیەوەی بینی بەهۆی واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان واشنتن و تاران.

بەپێی داتاکانی یانەی ئۆتۆمبێلی ئەمریکی کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) بەدواداچوونی بۆ کردووە، هاتووە: تێکڕای نرخی گالۆنێک بەنزینی ئاسایی گەیشتووەتە ٣.٩٩٩ دۆلار. ئەمەش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ دابەزینی توندی نرخی نەوتی خاوی ئەمریکی کە لەم مانگەدا بە ڕێژەی ١٥٪ دابەزیوە.

داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم دابەزینە ڕاستەوخۆ دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و هاوتا ئێرانییەکەی ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد بۆ کەمکردنەوەی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو لەلایەن تارانەوە، لە بەرامبەر لادانی سزاکانی ئەمریکا و نێودەوڵەتی لەسەر ئەو وڵاتە.

جیاوازیی نرخ لە نێوان ویلایەتەکاندا

سەرەڕای ئەم دابەزینە گشتییە، بازاڕەکانی سووتەمەنی لە ئەمریکا هێشتا جیاوازییەکی زۆریان تێدایە؛ لە ویلایەتی کالیفۆرنیا تێکڕای نرخ نزیکەی ٥.٦٤ دۆلارە بۆ هەر گالۆنێک، لە کاتێکدا لە ویلایەتی کارۆلینای باشوور بۆ ٣.٥٨ دۆلار دابەزیوە. بە گشتی نرخەکان هێشتا بە ڕێژەی ٢٥٪ بەرزترن بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو.

ڕێککەوتنێکی بەرایی و هەناسەیەکی ئاسودە بۆ بازاڕی نەوت

ڕێککەوتننامەی ئەمریکا و ئێران کۆتایی بە ململانێکان دەهێنێت و ماوەی ٦٠ ڕۆژ وەک مۆڵەتی دانوستان دیاری دەکات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران. ئەم پەرەسەندنانە وای کرد نرخی نەوتی خاوی ئەمریکی لە دەوروبەری ٨٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک جێگیر بێت، لە کاتێکدا لە لووتکەی شەڕەکەدا گەیشتبووە ١٢٠ دۆلار.

وردە وردە گەڕانەوەی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز

شارەزایانی بواری گواستنەوەی دەریایی پێیان وایە ئاساییبوونەوەی هاتوچۆی نەوت لە گەرووی هورمزەوە پێویستی بە چەند هەفتەیەک یان چەند مانگێک هەیە، چونکە پێش شەڕەکە پێنج یەکی نەوتی جیهان بەو گەرووەدا تێدەپەڕی. ئێستا ئاڵێنگەرییەکی گەورە لەبەردەم هاتوچۆی نێودەوڵەتیدایە بۆ ڕێخۆشکردن بۆ سەدان کەشتی کە لە ناو کەنداوی عەرەبیدا گیریان خواردبوو.

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە کاریگەریی نەوتی هەرزان بە خێرایی لە وێستگەکانی سووتەمەنیدا دەرناکەوێت، چونکە پاڵاوگەکان عادەتەن پێش مانگێک یان زیاتر نەوتەکەیان کڕیوە. جگە لە سووتەمەنی، ئەم ململانێیە کاریگەریی هەبووە لەسەر پچڕانی زنجیرەی دابینکردنی کاڵاکانی وەک پەین، خۆراک و جلوبەرگ، و چاوەڕوان دەکرێت تێچووی بەرزی گواستنەوە بۆ ماوەیەکی درێژتر بەردەوام بێت.