بەغدا - INA
فالح ساری، وەزیری دارایی، ئەمڕۆ پێنجشەممە جەختی لەوە کردەوە کە یەکخستنی سیستەمە گومرگییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ زیادکردنی داهاتەکان.
لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی داراییدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە، هاتووە: "فالح ساری، وەزیری دارایی، جەختی کردووەتەوە کە یەکخستنی سیستەم و ڕێکارە گومرگییەکان لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان، هەنگاوێکی ستراتیژییە لە پرۆسەی چاکسازیی ئابووریدا؛ چونکە کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان، توندکردنەوەی چاودێری بەسەر جوڵەی کاڵاکان و کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی خۆدزینەوە، جگە لە بەهێزکردنی شەفافیەت و یەکخستنی زانیارییەکان بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان."
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئەم جەختکردنەوەی وەزیر هاوکاتە لەگەڵ کۆبوونەوەیەکی هاوبەش کە ئەمڕۆ لە بەغدای پایتەخت لە نێوان دەستەی گشتی گومرگ و دەستەی گومرگی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ تاووتوێکردنی میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی سیستەمی جیهانیی 'ئەسیکۆدا' (ASYCUDA) لە مەرزە گومرگییەکانی سەر بە هەرێمی کوردستان."
هەروەها ئەوەش خراوەتە ڕوو: "لە کۆبوونەوەکەدا باس لە لایەنە تەکنیکی و کارگێڕییەکانی ئەو سیستەمە کرا کە ئێستا لە دەروازەکانی حکومەتی فیدراڵدا جێبەجێ دەکرێت، هەروەها پێداچوونەوە بە ئەنجامەکانی بواری گۆڕانکاریی دیجیتاڵی و ئاسانکاریی ڕێکارەکان و بەهێزکردنی چاودێری ئەلیکترۆنی کرا."
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "کۆنووسێکی هاوبەش واژۆ کرا کە چەندین ڕاسپاردە و ڕێکاری جێبەجێکردنی سیستەمەکەی لە مەرزەکانی هەرێم لەخۆگرتبوو، بڕیار وایە ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابووری بکرێت بۆ تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان." ئەم هەنگاوەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی وەزارەتی دارایی فیدراڵدایە بۆ نوێکردنەوەی کارە گومرگییەکان و پاڵپشتیکردنی ئابووری نیشتمانی.

