بەغدا - INA - محەمەد تالیبی

وەزارەتی ژینگەی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، دوای بەکارهێنانی یەکەکانی چارەسەرکردنی پاشماوە لە ناوچەکانی فوراتی ناوەڕاست، ئاستی سەرپێچییە ژینگەییەکانی نەخۆشخانەکان کەمی کردووە. هاوکات ئاماژەی بە گرتنەبەری ڕێکاری توند کرد بۆ ڕێگری لە پیسبوونی ئاوی ڕووبارەکان.

مەککی هادی شەمەری، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پاراستن و باشکردنی ژینگە لە فوراتی ناوەڕاست، بە ئاژانسی (INA)ی ڕاگەیاند: "پیسبوون بە هەموو جۆرەکانییەوە، چ لە ئاوی ڕووبارەکان بێت یان بەهۆی تۆز و چالاکییە پیشەسازییەکانەوە، هەڕەشەی سەرەکییە بۆ سەر ژینگە و مرۆڤ." وتیشی کە فەرمانگەکەیان بەردەوامە لە چاودێریکردنی چالاکییە حکومی و ئەهلییەکان بۆ کەمکردنەوەی ئەو کاریگەرییانە.

سەبارەت بە سەرچاوەکانی پیسبوون، شەمەری ئاماژەی بەوە دا کە "هەندێک لە کارگەکان، مۆلیدە ئەهلییەکان و مامەڵەی نادروست لەگەڵ پاشماوە شل و ڕەقەکان لە نەخۆشخانەکاندا سەرچاوەی سەرەکی بوون، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی جێگیرکردنی یەکەکانی چارەسەری ، ئاستی سەرپێچییەکان لە نەخۆشخانەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە."

لەبارەی پیسبوونی ڕووبارەکان و بڵاوبوونەوەی ڕووەکی زیانبەخش، شەمەری ڕایگەیاند: "ڕووەکی 'زەهرەی نیل' جۆرە ڕووەکێکی داگیرکەر و زیانبەخشە کە ڕێگری لە گەیشتنی ڕووناکی و ئۆکسجین بۆ ناو ئاوەکە دەکات و سیستەمی ژینگەیی تێکدەدات، بۆیە وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان ڕێکاری پێویستی بۆ لەناوبردنی گرتووەتەبەر."

سەبارەت بە دۆخی ژینگەیی لە پارێزگای بابل، شەممەری تیشکی خستە سەر کێشەی زێدەڕۆییەکانی سەر ڕێڕەوی ئاوی "نەهری یەهودییە - نابۆ". ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە ئەم ڕێڕەوە ئاوییە یەکێکە لە کۆنترین شوێنەوارە مێژووییەکانی پارێزگای بابل و پێشتر بۆ ئاودێری کشتوکاڵی بەکارهاتووە، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی فڕێدانی پاشماوە و ئاوەڕۆوە تووشی پیسبوونی ژینگەیی و شێواندنی سیمای شار بووەتەوە.

ئەوەشی خستە ڕوو کە پارێزگاری بابل فەرمانی داوە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش کە پێکهاتووە لە (شارەوانی، سەرچاوە ئاوییەکان، ئاوەڕۆ و هێزە ئەمنییەکان). لیژنەکە کارەکانی لە سەرچاوەی ڕووبارەکە تاوەکو ڕژانی بۆ نێو "شەتتولحیللە" دەستپێکردووە و چەندین پۆمپی ئاو بۆ پاککردنەوەی ڕێڕەوەکە و لادانی زێدەڕۆییەکان خراونەتە گەڕ.

شەممەری جەختی کردەوە کە ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر سەرپێچیکاران گیراوەتە بەر و پێداویستییە تەکنیکییەکان دابینکراون بۆ ئەوەی ڕووبارەکە وەک نیشانەیەکی ژینگەیی و شارستانی لە پارێزگاکەدا بمێنێتەوە. لە کۆتاییشدا وتی: "فەرمانگەکەمان لە هەموو ئاڕاستەکانەوە بەردەوامە لە کارکردن بۆ پاراستنی سلامەتیی ژینگە، چ پەیوەندی بە خاک یان هەوا یان ئاوەوە هەبێت، بە ئامانجی پاراستنی تەندروستی مرۆڤ و ژینگە بە هەمان شێوە.