بەغدا – INA

دەستەی گشتیی کەشناسی و چاودێری بوومەلەرزەزانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە کاریگەریی یەکەمین شەپۆلی گەرمای هاوینە بڵاوکردەوە، کە پێشبینی دەکرێت لە هەفتەی کۆتایی ئەم مانگەدا وڵات بگرێتەوە و پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی باشوور٥٠ پلە تۆمار بکەن.

دەستەکە لە ڕاپۆرتەکەدا کە بۆئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە، هاتووە: "نوێکارییەکانی نەخشەی کەشوهەوا ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهۆی بەهێزبوونی کاریگەریی (قوبەی گەرمی) بەسەر ناوچەکەدا، وڵات لە هەفتەی کۆتایی ئەم مانگەدا ڕووبەڕووی یەکەم شەپۆلی گەرمای تینی هاوین دەبێتەوە."

بەپێی پێشبینییەکانی دەستەکە: "لە کۆتایی مانگدا پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی پلەبەندی بەرز دەبنەوە؛ بەجۆرێک لە کاتەکانی نیوەڕۆدا لە شارەکانی باشووری وڵات دەگەنە ٥٠ پلەی سیلیزی، لە شارەکانی ناوەڕاستیش لە ٥٠ پلە نزیک دەبنەوە. لە ناوچەکانی باکووریش پلەکان نزمتر دەبن، بەڵام هەر لە سەرووی تێکڕای ئاسایی خۆیانەوە دەمێننەوە."

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە: "کەشوهەوا لە ڕۆژدا زۆر گەرم دەبێت، بەڵام لە کاتە درەنگەکانی شەو و بەرەبەیانی زوودا کەمێک دادەبەزێت، بەتایبەت لە ناوچە بیابانی و کراوەکاندا." هەروەها پێشبینی دەکرێت "با" بەزۆری لە ئاڕاستەی باکووری ڕۆژئاواوە بێت و هەندێک جار چالاک بێت، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵێکی سووک و مامناوەند لە هەندێک شوێندا.

دەستەی کەشناسی جەختی کردۆتەوە کە ئەم شەپۆلە بە یەکەم نیشانەی کردەیی بۆ چوونە ناو لوتکەی وەرزی هاوین دادەنرێت، کە بەزۆری لە ناوەڕاست یان کۆتایی مانگی حوزەیرانەوە دەستپێدەکات و تا کۆتایی مانگی ئاب بەردەوام دەبێت.

دەستەی کەشناسی چەند هۆشدارییەکی گرنگی ئاراستەی هاووڵاتییان کردووە:

1.دوورکەوتنەوە لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی تیشکی خۆر لە کاتەکانی لوتکەی گەرمادا، بەتایبەت لە نێوان کاتژمێر (١١ی بەیانی تا ٤ی ئێوارە).

2.ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی گەرما و ماندوێتی زیاد دەکات، بەتایبەت بۆ بەساڵاچووان، منداڵان و ئەو کرێکارانەی لە شوێنی کراوەدا کار دەکەن؛ بۆیە پێویستە لەو کاتانەدا لە ماندوێتی جەستەیی بەدوور بن.

3. جەختکراوەتەوە لەسەر خواردنەوەی بڕێکی زۆری ئاو و شلەمەنییەکان.

4. بە هیچ شێوەیەک منداڵ و بەساڵاچووان لەناو ئۆتۆمبێلی داخراودا بەجێمەهێڵن، تەنانەت بۆ ماوەیەکی کورتیش، بەهۆی خێرایی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەناو ئۆتۆمبێلدا کە مەترسی لەسەر ژیان دروست دەکات.

هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە لە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاست، بەهۆی چالاکبوونی "با"، ئەگەری کەمبوونەوەی ماوەی بینین هەیە بەهۆی بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ لە ناوچە کراوەکاندا.