هەولێر – INA– ئیڤان ناسر

عەتوان عەتوانی، پارێزگاری بەغدا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بانگهێشتی کۆمپانیاکانی هەولێری کرد بۆ کارکردن و وەبەرهێنان لە پایتەخت و ڕایگەیاند، بەغدا ئێستا بووەتە ژینگەیەکی گونجاو و ڕاکێشەر بۆ وەبەرهێنان. هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە هیچ وڵاتێک ناتوانێت گەشە بە تواناکانی بدات بەبێ پاڵپشتی کەرتی تایبەت.

عەتوانی لە کاتی پێشکەشکردنی وتارێکدا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، کە پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ئامادەبوو.ڕایگەیاند: "عێراق پێویستی بە سەرکەوتنی گەورە هەیە لە کەرتی وەبەرهێناندا، ئەوەی لە هەولێر دەیبینین نموونەیەکی سەرکەوتووی ئەو بوارەیە." ئاماژەی بەوەش کرد کە پارێزگاکان وەک دامەزراوەی دووەم لە دوای دەسەڵاتی جێبەجێکردن ڕۆڵی کاریگەر دەگێڕن.

پارێزگاری بەغدا جەختی لەوە کردەوە: "پێویستە ژیرانە سەرچاوەکانی پارێزگا بەکاربهێنین و داهاتی نانەوتی پەرە پێ بدەین، تاوەکو پارێزگاکان بتوانن لە ڕێگەی زیادکردنی داهاتەوە تواناکانیان بەهێز بکەن." ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە هەموو پارێزگاکان داوای بودجە و تەرخانکردنی دارایی دەکەن، بەڵام پێویستە کار بۆ زیادکردنی داهاتە ناوخۆییەکانیش بکرێت بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری.

عەتوانی وتیشی: "ئێمە دەمانەوێت ئەزموونی وەبەرهێنان و ڕاپەڕینی ئاوەدانکردنەوەی هەولێر بۆ بەغدا بگوازینەوە؛ بۆیە داوا لە سەرجەم کۆمپانیاکانی هەولێر دەکەم ڕوو لە بەغدا بکەن، چونکە پایتەخت بووەتە ژینگەیەکی ڕاستەقینە و ڕاکێشەر بۆ کۆمپانیا و وەبەرهێنەران." ڕوونیشیکردەوە کە ئەم سەردانەی بۆ هەولێر پەیامێکی نوێیە بۆ هاووڵاتیان و جەختی لە پێویستیی دەرکردنی یاسای نوێ کردەوە.

لەلایەن خۆیەوە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئاماژەی بە ئەنجامدانی چەند کۆبوونەوەیەکی گرنگ کرد و ڕایگەیاند: "سازکردنی دیدارە دووقۆڵی و بەکۆمەڵەکان لە نێوان پارێزگاکانی عێراق زۆر گرنگە بۆ ئاڵوگۆڕی شارەزاییەکان." هەروەها هیوای خۆی بە هەنگاوەکانی حکومەتی ئێستای عێراق دەربڕی.

پارێزگاری هەولێر وتیشی: "ئێمە لەژێر چەتری دەستووردا کار بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیان دەکەین، چونکە پارێزگا هێڵی پێشەوەی پەیوەندییە لەگەڵ هاووڵاتی و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان." ئاماژەی بەوەش کرد کە لە کۆبوونەوەکاندا باس لە دۆسیەکانی گەشتیاری، وەبەرهێنان، هونەر و ڕۆشنبیری کراوە و دووپاتی کردەوە: "بەغدا بۆ ئێمە زۆر گرنگە و ئامادەین بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان و بەهێزکردنی پەیوەندییە برایانەکانمان.