بەرپرسانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئێوارەی ڕۆژی 17ی شەشی 2026 دەقی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئەمەریکایان لەگەڵ ئێراندا بڵاو کردەوە، کە ڕۆژی 14ی ئەم مانگە بە شێوەی ئەلیکترۆنی ڕەزامەندی هەردوولای لەسەر دراوە.
ئەمەی خوارەوە دەقی یاداشتنامە 14 خاڵییەکەیە:
یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە لەمەودوا بە "لایەنەکان" ناودەبرێن، بە نیازپاکییەوە لە [بەروار] لەسەر ئەم خاڵانە ڕێککەوتن:
بڕگەی 1 – ڕاگرتنی دوژمنکارییەکان
لایەنەکان و هاوپەیمانە گرێدراوەکانیان لە جەنگی ئێستادا، بە واژۆکردنی ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە، ڕایدەگەیەنن کە دەستبەجێ و بە شێوەیەکی هەمیشەیی کۆتایی بە هەموو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەهێنن لەسەر هەموو بەرەکان، لەنێویاندا لە لوبنان. لایەنەکان پابەند دەبن بەوەی هیچ دەستپێشخەرییەکی جەنگ یان ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی یەکتر دەست پێ نەکەن، خۆیان لە هەڕەشە یان بەکارهێنانی هێز دژی یەکتر بەدوور بگرن، وە ڕێز لە یەکپارچەیی خاک و سەروەریی لوبنان بگرن. ڕێککەوتنی کۆتایی نەهێشتنی هەمیشەیی جەنگ لەسەر هەموو بەرەکان، بە لوبنانیشەوە، پشتڕاست دەکاتەوە، وە دەقەکانی تری ئەم بڕگەیە لەخۆ دەگرێت.
بڕگەی 2 – سەروەری و دەستوەرنەدان
لایەنەکان پابەند دەبن بە ڕێزگرتن لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی یەکتر و خۆبەدوورگرتن لە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی یەکتر.
بڕگەی 3 – خشتەی کات بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی
لایەنەکان پابەند دەبن بە دانوستاندن و کۆتاییهێنان بە ڕێککەوتنی کۆتایی لە ماوەیەک بەلایەنی زۆرەوە 60 ڕۆژ بێت، تەنها بە ڕەزامەندیی هاوبەش درێژ دەکرێتەوە.
بڕگەی 4 – گەمارۆی دەریایی و هێزی سەربازی
ڕاستەوخۆ لەگەڵ واژۆکردنی ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەست دەکات بە لابردنی گەمارۆی دەریایی و هەر بەربەست و تێکدانێکی دیکەی کە سەپێنراوە بەسەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا، وە لە ماوەی 30 ڕۆژدا بە تەواوی گەمارۆی دەریایی هەڵدەوەشێنێتەوە. لەم ماوەیەدا، هاتووچۆی کەشتییەکان بە شێوەیەکی پلە بە پلە دەگەڕێندرێتەوە بۆ ئاستی پێش جەنگ. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەروەها پابەند دەبێت بە کشاندنەوەی هێزەکانی لە نزیکایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی 30 ڕۆژدا دوای تەواوبوونی ڕێککەوتنە کۆتاییەکە.
بڕگەی 5 – تەنگەبەرەکانی هۆرموز و ئاسایشی دەریایی
لەگەڵ واژۆکردنی ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە، کۆماری ئیسلامی ئێران، بە بەکارهێنانی باشترین هەوڵەکانی، جێبەجێکاریەکان دەکات بۆ تێپەڕینی سەلامەت و ئازادانەی کەشتییە بازرگانییەکان لە ڕێگەی تەنگەی هۆرمزەوە بەبێ هیچ بڕە پارەیەک بۆ ماوەی 60 ڕۆژ، لە هەردوو ئاڕاستەدا (لە کەنداوی فارسییەوە بۆ دەریای عومان و بە پێچەوانەوە). هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان دەستبەجێ دەست پێ بکاتەوە. ئێران دەبێت لە ماوەی 30 ڕۆژدا ڕێکارە تەکنیکی و سەربازییە پێویستەکان، لەنێوانیان لابردنی مینەکان، تەواو بکات. کۆماری ئیسلامی ئێران گفتوگۆ لەگەڵ سوڵتانیەتی عومان و وڵاتانی دیکەی کەناراوەکانی کەنداوی فارسی دەکات بۆ پێناسەکردنی بەڕێوەبردن و خزمەتگوزارییە دەریاییەکانی داهاتوو لە تەنگەی هۆرموزدا، بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتیی پەیوەندیدار و مافە سەروەرییەکانی وڵاتانی کەناراو.
بڕگەی 6 – ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئابووری
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکان، پابەند دەبێت بە پەرەپێدانی پلانێکی کۆتایی و هاوبەشی ڕێککەوتنلەسەرکراوی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئابووری بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران کە بەهایەکەی لانیکەم 300 ملیار دۆلاری ئەمەریکایی بێت. میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەم پلانە وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی کۆتایی لە ماوەی 60 ڕۆژدا یەکلایی دەکرێتەوە گشت مۆڵەت و لێخۆشبوون و ڕێگەپێدانە پێویستەکان کە بۆ مامەڵە داراییە پەیوەندیدارەکان پێویستن لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە دابین دەکرێن.
بڕگەی 7 – هەڵگرتنی سزاكان
ویلایەتە یەکگرتووەکان پابەند دەبێت بە هەڵگرتنی هەموو سزاكان دژی کۆماری ئیسلامی ئێران—لەنێوانیان بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕیارەکانی ئەنجومەنی بەڕێوەبەرانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی (IAEA)، و هەموو سزا یەکلایەنەکانی ئەمەریکا، سزا سەرەکی و لاوەکییەکان، بەپێی خشتەیەکی کاتیی ڕێککەوتوو کە لە ڕێککەوتنی کۆتاییدا جێی دەگیرێت. کۆماری ئیسلامی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دان بە گرنگی چارەسەرکردنی پرسی سزاكاندا دەنێن و نیازی خۆیان دەردەبڕن کە دەستبەجێ لە دانوستانەکاندا چارەسەری ئەو پرسانە بکەن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی دوولایەنە.
بڕگەی 8 – پرسە ئەتۆمییەکان
لایەنەکان ڕێکدەکەون لەسەر چارەسەرکردنی چارەنووسی ماددە پیتێنراو و کۆکراوەکانی ئێران لە ڕێگەی میکانیزمێکی هاوبەشی ڕێککەوتوو، کە شێوازی بنەڕەتییەکەی تێکەڵکردنی لاوازکەرە لە شوێنی خۆیدا و لەژێر چاودێریی ئاژانسی وزەی ئەتۆمیدا بێت، بەپێی ئەو خشتەیەی لە بڕگەی حەوتدا هاتووە. لایەنەکان هەروەها گفتوگۆ لەسەر پرسی پیتاندن و بابەتەکانی تری پەیوەست بە بە پێویستییە ناوەکییەکانی ئێران دەکەن، لە چوارچێوەیەکی ڕەزامەندانەدا کە لە ڕێککەوتنی کۆتاییدا ڕەزامەندی لەسەر دەدرێت. ڕێککەوتنی کۆتایی خاڵەکانی ئەم بڕگەیە پشتڕاست دەکاتەوە. لایەنەکان دان بە گرنگیی چارەنووسسازى ئەم بابەتە ناوەکیانەی ئاماژەیان پێکراوە دەنێن و ویستی خۆیان دەردەبڕن بۆ ئەوەی دەستبەجێ لە گفتوگۆکاندا چارەسەریان بۆ بدۆزنەوە بەمەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنی هاوبەش لەسەریان.
بڕگەی 9 – پاراستنی دۆخی ئێستا تا کاتی ڕێککەوتنی کۆتایی
تا کاتی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی، لایەنەکان ڕێکدەکەون لەسەر هێشتنەوەی دۆخی هەنوکەیی. کۆماری ئیسلامی ئێران دۆخی ئێستای بەرنامە ناوەکییەکەی دەپارێزێت، وە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هیچ سزاکی نوێ ناسەپێنێت و هێزی زیاتر بۆ ناوچەکە نانێرێت.
بڕگەی 10 – لێخۆشبوونەکانی هەناردەکردنی نەوت
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پابەند دەبێت بەوەی یەکسەر دوای واژۆکردنی ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە و هەتا کۆتاییهێنان بە سزاکان، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لێخۆشبوون دەردەکات بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاوی ئێران، بەرهەمە نەوتییەکان، داڕشتەکان، وە هەموو خزمەتگوزارییە پەیوەندیدارەکان، لەوانە بانکداری، بیمەکان، گواستنەوە، هتد.
بڕگەی 11 – دەستڕاگەیشتن بە پارە و سەرمایە سڕکراوەکان
لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە، ویلایەتە یەکگرتووەکان دەبێت هەموو پارە و سەرمایە سڕکراوەکان یان سنووردارکراوەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تەواوی بەردەست دەکات بۆ بەکارهێنان. لایەنەکان لە ماوەی دانوستانەکاندا بە هاوبەشی لەسەر ڕێکارەکانی ئازادکردن و بەکارهێنانی ئەم پارانە ڕێکدەکەون. ئەم پارانە دەکرێت بۆ پارەدان بە هەر سوودمەندێکی کۆتایی کە لەلایەن بانکی ناوەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دیاری کراوە، بەکاربهێنرێن. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ ئەم مەبەستە هەموو مۆڵەت و ڕێگەپێدانە پێویستەکان دەردەکات.
بڕگەی 12 – میکانیزمی چاودێریکردن
لایەنەکان ڕێکدەکەون لەسەر دامەزراندنی میکانیزمێکی جێبەجێکار بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە و پابەندبوونی داهاتوو بە ڕێککەوتنە کۆتاییەکە.
بڕگەی 13 – ڕیزبەندیی دانوستانەکان
دوای واژۆکردنی ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە، وە بە مەرجی دەستپێکردنی جێبەجێکردنی بڕگەکانی 1، 4، 5، 10 و 11، وە بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی ئەم ڕێکارانە، لایەنەکان دەست دەکەن بە دانوستان لەسەر بڕکەکانی تری ڕێککەوتنە کۆتاییەکە.
بڕگەی 14 – پەسەندکردنی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان
ڕێککەوتنە کۆتاییەکە بە بڕیارێکی پابەندکەری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەند دەکرێت.

