سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند کوشتنی قاسم سولەیمانی لە ساڵی 2020 "یەکێک لە گەورەترین" ڕووداوەکانی مێژوو بوو، کە لە ڕێگەیەوە شەڕ دژ بە بەڕێوبەرایەتی ئێران دەستیپێکرد و دواتر هەموو سەرکردە سەرەکیەکانیان لەناو بران.
سەرۆک دۆناڵد ترامپ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا جەختی لە دەستکەوتەکانی ئەمەریکا کردەوە لە چوارچێوەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئێران و ڕایگەیاند، "ڕێککەوتنەکە هەموو داواکارییەکانمان و زۆر زیاتریش بەدەست دەهێنێت."
وتەکانی سەرۆک ترامپ دوای تەواوبوونی ڕۆژی دووەمی کۆبوونەوەکانی گرووپی وڵاتانی حەوت هات کە لە شاری ئیڤیانی فەرەنسا بەڕێوە چوو.
ترامپ جەختی کردەوە لەوەی ئێران "ناتوانێت و نابێت" چەکی ناوەکی بەدەست بهێنێت.
سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە ئێران سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "ئەمە هەڵمەتێک نەبوو سێ مانگ لەمەوبەر دەستیپێکردبێت بەڵکو چەندین ساڵە بە کوشتنی جەنەراڵ قاسم سولەیمانی دەستیپێکردووە."
فەرماندەی باڵای سوپای ئێران و بەرپرسی پاسداران ڕۆی 3ی مانگی یەکی 2020 لە هێرشێکی ئەمەریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کرایە ئامانج.
ترامپ قاسم سولەیمانی بە "بلیمەتیکی شێت" ناوبرد و گوتی، "کاتێک سولەیمانیم کوشت، خەڵک دەیانگوت ئەمە گەورەترین ڕووداوی ناوچەکەیە لە 50 ساڵی ڕابردوودا. ئەمە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش بوو لەگەڵ ئیسرائیل؛ بۆ مانگێک چاودێریمان دەکرد، ئەو بەردەوام بە فڕۆکەی بازرگانی لەگەڵ خەڵکانێکی زۆر گەشتی دەکرد چۆنکە دەیزانی لەو فڕۆکانەدا نایخەینە خوارەوە، زۆر زیرەک بوو. زانیمان بەو فڕۆکە [تایبەتە] گەشت دەکات و دوای کەوتین. ئیسرائیل منی ئاگادار کردەوە کە ئەوان هێرشی ناکەنە سەر، منیش دەبوایە بڕیارێک بدەم."
سەرۆک ترامپ ئاماژەی دا بە کوژرانی زۆربەی سەرکردەکانی ئێران لە ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەیی و گوتی، " ئێستا گرووپێکی نوێی سەرکردەیان هەیە کە لە ڕاستیدا زیرەکن و مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و وڵاتی خۆیان خۆشدەوێت."
ترامپ سەنجی خستە سەر بەرزبوونەوەی بازاڕی بۆرسە و نزمبوونەوەی بەهای نەوت "بەشێوەیەک کە هەرگیز پێشتر نەبینراوە."
سەرۆکی ئەمەریکا جارێکی تر هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بۆ سەر ئێران کرد لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنەکە و گوتی، "ئەمە یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنە. ئەگەر لە ماوەی 60 ڕۆژدا جێبەجێ نەکرێت، کێشە نییە، دەست بە هێرشەکان دەکەینەوە. نامەوێت ئەمە بکەم چوونکە ئەم ڕێککەوتنە زۆر باشە، بەڵام ڕەنگە پێویست بکات هێرشەکان دەست پیبکەینەوە چوونکە هەرگیز ڕێگە نادەین چەکی ناوەکی بەدەست بهێنن."
سەرۆکی ئەمەریکا ئێرانییەکانی بە "دانوستانکاری باش" ناوبرد و ڕایگەیاند، "لە ڕووێکەوە، ئەوان خاوەن کلتورێکی سەرەتایین، بەڵام کلتورێکی سەرەتایی بلیمەتانەشە. خەڵکانێکی زۆر زیرەکن، دانوستانکاری زۆر باشن."
ترامپ ستایشی کارگەری گەمارۆی سەر هاتوچۆی کەشتیوانی لە کەناراوەکانی ئێران کرد و گوتی "لە هێرشە بۆمبییەکان زیاتر کاریگەری هەبوو."


