بەغداد - INA

تۆڕی ڕاگەیاندنی عێراقی لە بارەگای سەرەکی خۆی لە بەغدای پایتەخت، میوانداری کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی کرد کە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی مەلەفی دۆکیۆمێنتکردنی نیشتمانیی قوربانیانی ئەو شەهیدانەی ڕووبەڕووی ڕژێمی پێشوو و تیرۆر بوونەتەوە، لەگەڵ پاراستنی شوێنەواری عێراق. ئەم هەنگاوەش بە ئامانجی پاراستنی یادەوەریی نیشتمانی و دۆکیۆمێنتکردنی ئەو قوربانیانەیە کە ڕۆڵەکانی عێراق لە قۆناغە جیاجیاکانی مێژوودا پێشکەشیان کردووە.

لە کۆبوونەوەکەدا هەریەکە لە کەریم حەمادی، سەرۆکی تۆڕی ڕاگەیاندنی عێراقی، سائر غانمی سەرۆکی ئەنجومەنی ئەمیندارانی تۆڕەکە، عەبدولئیلاهـ نائیلی، سەرۆکی دامەزراوەی شەهیدان، وەلید سەهلانی، سەرۆکی دامەزراوەی زیندانیانی سیاسی، موهەند عەقابی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندن لە دەستەی حەشدی شەعبی، حەسەن سودانی سەرۆکی ناوەندی ئەرشیفی نیشتمانی و یادەوەریی عێراق، فەریق سەعد مەعن سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی، تەحسین خەفاجی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندن لە وەزارەتی بەرگری، و سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ئامادە بوون. هەروەها جەعفەر عایدی بەڕێوەبەری کەناڵی عێراقیە نیوز، ستار عەرداوی بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵی عێراقی، و عەدنان کەعبی بەڕێوەبەری ئەرشیفی نیشتمانی لە تۆڕەکەدا ئامادەیی كۆبونەوەكە بوون.

کەریم حەمادی، سەرۆکی تۆڕی ڕاگەیاندنی عێراقی، جەختی لەسەر گرنگیی دۆکیۆمێنتکردنی مێژووی عێراق بە شێوازێکی ناوەندی و مەنهەجی کردەوە، بە جۆرێک کە ئەرشیفکردنی نیشتمانی لە چوارچێوەی دامەزراوە یان لایەنێکی پسپۆڕدا کۆبکرێتەوە بۆ ئەوەی گێڕانەوەی نیشتمانی لە فەوتان و پەڕشوبڵاوی بپارێزرێت. ئاماژەی بەوەشکرد: ئەم پڕۆژەیە دەکرێت ببێتە شوێنەوارێکی نیشتمانی، ڕۆشنبیری و گەشتیاری کە سەردانیکەران و نەوەکان لە مێژووی عێراق و قوربانییەکانی ڕۆڵەکانی ئاشنا بکات.

هەروەها حەمادی پابەندبوونی تۆڕی ڕاگەیاندنی عێراقی نیشاندا بە خستنەگەڕی سەرجەم دامەزراوە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی بۆ بەدیارخستنی قوربانیانی شەهیدان و چاودێریکردنی برینداران، و کردنی ئەم مەلەفە بە یەکێک لە لەپێشینەترین کارە ڕاگەیاندن و نیشتمانییەکانیان.

لەلایەن خۆیەوە، سائر غانمی سەرۆکی ئەنجومەنی ئەمینداران، گرنگیی پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی خستەڕوو کە ئەرکی دۆکیۆمێنتکردنی قوربانیانی شەهیدان، برینداران و فیداکاران بگرێتە ئەستۆ، هاوکات بەدواداچوون بۆ پێداویستییەکانی خێزانەکانیان بکات و لە ڕووی ڕاگەیاندنەوە تیشک بخاتە سەر قارەمانییەکانیان، بەجۆرێک هاوکار بێت لە ناساندنی نەوەکانی ئێستا و داهاتوو بە قەبارەی ئەو قوربانیانەی لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ڕژێمی دیکتاتۆریدا دراون.

غانمی ئاماژەی بە پێویستیی چەسپاندنی کولتووری وەفاداری بۆ شەهیدان کرد لە ڕێگەی دەستپێشخەرییە نیشتمانییە بەردەوامەکانەوە، و پێشنیازی کرد کە هەفتەیەکی ساڵانە تایبەت بکرێت بۆ یادکردنەوەی شەهیدان، دروستکردنی مۆنۆمێنت و ڕێکخستنی سەردانیکردن بۆ ماڵباتی شەهیدان، بەمەبەستی بەرز ڕاگرتنی ئەم قوربانیانە لە هۆشیاریی کۆمەڵگەدا.

لەلایەکی ترەوە، عەبدولئیلاهـ نائیلی سەرۆکی دامەزراوەی شەهیدان، ڕوونکردنەوەی دا کە دامەزراوەکەیان بەردەوامە لە دۆکیۆمێنتکردنی ئەو قوربانیانەی عێراقییەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕژێمی پێشوو و چەتە تیرۆریستەکانی داعشدا پێشکەشیان کردووە. ئاماژەی بەوەشکرد: کە پێویستە پرۆسەکانی دۆکیۆمێنتکردن هاوتای پێشکەوتنە تەکنۆلۆژییە نوێیەکان بن و لە ئەرشیفکردنی کاغەزییەوە بەرەو سیستەمە ئەلیکترۆنییە نوێیەکان هەنگاو بنرێت، کە پاراستنی بەڵگەنامەکان لە تێکچوون و بەفیڕۆچوون مسۆگەر دەکات. نائیلی جەختیشی لەسەر گرنگیی جێبەجێکردنی ئەو یاسایانە کردەوە کە تایبەتن بە پێدانی ماف بە خێزانی شەهیدان و فیداکاران.

لای خۆیەوە، وەلید سەهلانی سەرۆکی دامەزراوەی زیندانیانی سیاسی، قەبارەی ئەو مەینەتی و قوربانیانەی خستەڕوو کە زیندانیانی سیاسی و خێزانەکانیان لە سەردەمی حوکمی دیکتاتۆریدا چەشتوویانە، و جەختی لە گرنگیی دۆکیۆمێنتکردنی ئەو قۆناغە لە ڕووی ڕاگەیاندنەوە و بەرهەمهێنانی کاری درامی و دۆکیۆمێنتاری کردەوە بۆ گواستنەوەی ڕاستییەکان بۆ نەوەکانی داهاتوو.

لە هەمان چوارچێوەدا، حەسەن سودانی سەرۆکی ناوەندی ئەرشیفی نیشتمانی و یادەوەریی عێراق، تیشکی خستە سەر ئەو هەوڵانەی کە بۆ کۆکردنەوە و پۆلێنکردنی بەڵگەنامە و ئەرشیفی نیشتمانیی نێو دامەزراوەکانی دەوڵەت دەدرێن. ئاماژەی بە گرنگیی پێکهێنانی لیژنەیەکی پسپۆڕ کرد بۆ دابەشکردنی ئەرکەکان و ڕاهێنانی کادیرانی تەکنیکی لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ئەرشیفانەی زیانیان بەرکەوتووە و گۆڕینیان بۆ سەر شێوازی ئەلیکترۆنیی هاوچەرخ.

هەروەها هەریەکە لە فەریق سەعد مەعن و تەحسین خەفاجی و سەباح نوعمان جەختیان لە پێویستیی دۆکیۆمێنتکردنی پاڵەوانێتییەکانی جەنگاوەران و هێزە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبی کردەوە، تکای ئەوەشیان کرد کە ئەم ئەزموونە نیشتمانییانە لە ڕێگەی هۆکارەکانی ڕاگەیاندنی جیاوازەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو بگوازرێنەوە، بە جۆرێک یادەوەریی نیشتمانی بپارێزرێت و بەهاکانی فیداکاری و دڵسۆزی بەرز ڕابگیرێت.

ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە ئەم کۆبوونەوەیە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو بنیاتنانی پڕۆژەیەکی نیشتمانیی گشتگیر بۆ پاراستنی یادەوەریی عێراقی هاوچەرخ، پاراستنی قوربانییەکانی ڕۆڵەکانی، و چەسپاندنی بەهاکانی وەفاداری بۆ شەهیدان و فیداکاران لە ویژدانی کۆمەڵگە و نەوەکانی داهاتوودا.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، بڕیاردرا لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش کە ئەرکی داڕشتنی میکانیزمی کرداری بێت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی دۆکیۆمێنتکردنی نیشتمانی، و وەرگێڕانی بیرۆکە و پێشنیازەکان بۆ سەر بەرنامەی جێبەجێکردنی واقیعی، بە مەرجێک ئەنجامی کارەکانی لیژنەکە ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بکرێت بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست لەسەری.