بەغداد - INA

بانکی ناوەندی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە لەسەر نیازی هەموارکردنەوەی نرخی ئاڵوگۆڕی دیناری عێراقی بڵاوکراونەتەوە.

بانکی ناوەندی لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "بانکی ناوەندی عێراق بە شێوەیەکی بڕاوە ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە کە باس لە نیازی هەموارکردنەوەی نرخی ئاڵوگۆڕی دیناری عێراقی دەکەن".

بەپێی بەیاننامەکە، بانکی ناوەندی هۆشداری دا لە "مامەڵەکردن لەگەڵ هەواڵە چەواشەکارییەکان، و ئاشکرایکرد کە دەستیان بەسەر بەڵگەنامەیەکی ساختەدا گرتووە کە تێیدا هاتووە گوایە داواکارییەک لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە پێشکەش بە لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران کراوە بۆ گۆڕینی نرخی ئاڵوگۆڕ بۆ (١٦٠٠) دینار بەرامبەر بە یەک دۆلار".

لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە "بانکەکە داوای لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و هاوڵاتیان کردووە کە وردبن لە گواستنەوەی هەواڵەکان و پشت بەو زانیاری و هەواڵانە ببەستن کە لە سەرچاوە فەرمی و تایبەتەکانی خودی بانکی ناوەندی عێراقەوە دەردەچن".