بەدواداچوون – INA
ماڵپەڕی "تانکەر تراکەرز"ی تایبەت بە بەدواداچوونی جووڵەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان نیشانی دا کە "سێیەمین کەشتیی نەوتهەڵگری ئێرانی هێڵی گەمارۆکەی جێهێشتووە، لە کاتێکدا ملیۆنێک بەرمیل نەوتی خاوی بارکردووە."
هاوکا پێشتر کەناڵی تەلەفزیۆنیی "Press TV" لە زاری سەرچاوە دەریاییەکانەوە ڕایگەیاندبوو: "سێ کەشتیی نەوتهەڵگری ئێرانی و دوو کەشتیی تریش کە کاڵا سەرەکییەکانی ئێرانیان بارکردووە، لە دوای ڕێککەوتنی لادانی گەمارۆی ئەمریکا، بە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا تێپەڕیون."
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە: "ئەو پێنج کەشتییە (٣ کەشتیی نەوتهەڵگر و ٢ کەشتیی بارهەڵگری بازرگانی) بەهۆی گەمارۆ دەریاییەکەوە بۆ ماوەی چەندین مانگ گیریان خواردبوو و گەمارۆ درابوون."
ئەمەش چەند ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە فەرمی گەیشتن بە ڕێککەوتنی لەگەڵ ئێران ڕاگەیاند، و جەختی لەسەر پێدانی دەسەڵاتی تەواو کردەوە بۆ "لادانی دەستبەجێی گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا" و کردنەوەی تەواوەتیی گەرووی هورمز بەڕووی هاتوچۆی دەریایی نێودەوڵەتیدا بەبێ هیچ باج و ڕسوماتێک.
هاوکات نرخەکانی نەوت لە نێزیک نزمترین ئاستی خۆیان لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا جێگیر بوون، بە شێوەیەک کە نەوتی خاوی برێنت بە کەمتر لە 80 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوەکرا، ئەمەش دوای ئەوەی لە ماوەی چوار ڕۆژدا بە ڕێژەی %15 دابەزی و درێژترین زنجیرە دابەزینی لەمساڵدا تۆمارکرد.
