بەغداد – INA
سەرۆکی هاوپەیمانی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی، سهید عەممار حەکیم، ئەمڕۆ سێشەممە جەختی کردەوە لەسەر پاڵپشتیکردنی بۆ سەرۆک وەزیران عەلی فالح زەیدی لە پێناو بەدیهێنانی چاکسازییە ئابوورییەکان و جێبەجێکردني پڕۆگرامی حکومەت.
سهید حەکیم لە وتارێکدا بە بۆنەی هاتنەوەی مانگی موحەڕەمی حەرام، کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بڵاویكردهوه تێیدا، ڕایگەیاند: "پاڵپشتی سەرۆک وەزیران عەلی فالح زەیدی دەکەین بۆ بەدیهێنانی چاکسازییە ئابوورییەکان و جێبەجێکردنی پڕۆگرامی حکومەت"، جەختیشی کردەوە کە "ئەو پێشکەوتنە سیاسییەی ئەمڕۆ لە عێراقدا هەیە، دەبێت بەردەوام بێت و نیشانەکانی سەقامگیری ئەمنی و سیاسی لە وڵاتدا بچەسپێنێت، و نابێت چاوپۆشی لە هیچ شتێک بکرێت کە ببێتە ڕێگر لەبەردەم ئەمەدا، پاساو و تەحەدییەکان هەرچییەک بن".
سهید حەکیم وتیشی: " چوارچێوەی هەماهەنگی هەنگاوێکی گرنگی نا لە پاڵپشتیکردنی سەرۆک وەزیراندا بۆ ئەنجامدانی چاکسازییە داواکراوەکان، بەتایبەتی لە بواری ئابووریدا و ناساندنی وەک لەپێشینەترین کاری ناو پڕۆگرامی حکومەتەکەی کە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دەنگی پێدراوە".
دوای ئەوە وتی: "لێرەوە، ئێمە پاڵپشتی تەواوی خۆمان بۆ حکومەتەکەی زەیدی نوێ دەکەینەوە، و جەخت دەکەینەوە کە سەرکەوتنی ئەو، سەرکەوتنە بۆ عێراق، و بەهێزکردنی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆگرامە چاکسازی، گەشەپێدان و خزمەتگوزارییەکەی، بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانیی هاوبەشە".
سهید حەکیم ئاماژەی بەوەش کرد: "سەرجەم هێزە سیاسییەکان جەختیان لەسەر پێویستیی قەتیسکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا کردووەتەوە؛ ئەگەر کاری لەپێشینەی دوێنێ پاراستنی دەوڵەت بووبێت لە داڕمان، ئەوا کاری لەپێشینەی ئەمڕۆ تەواوکردنی بنیاتنانی دەوڵەت و چەسپاندنی هێز و سەقامگیرییەکەیەتی".
درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: "هێزی دەوڵەت تەواو نابێت مەگەر کاتێک بڕیارەکەی یەک بێت و چەکەکەی یەک بێت، و قەتیسکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا ئامانج لێی هیچ کەسێک نییە، و کەمکردنەوە نییە لە قوربانییەکانی هیچ لایەنێک، بەڵکو یەکێکە لە کۆڵەکەکانی بنیاتنانی دەوڵەتێکی سەقامگیر و بەتوانا".
جەختیشی کردەوە کە "دانایی، دیالۆگ و لێکتێگەیشتن، باشترین ڕێگان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆسیەیەدا، بە شێوازێک کە قوربانییەکان بپارێزێت، هێزی دەوڵەت بەهێزتر بکات، و سەرجەم عێراقییەکان دڵنیا بکاتەوە"، ئاماژەی بەوەش دا کە "ئەم ڕێکارانە بە مانای دەستبەرداربوون لە دامەزراوەکانی دەوڵەت و پێکهاتە سەربازییەکانی نایەت، کە دیارترینیان حەشدی شەعبییە، کە خاوەن پارێزبەندییەکی یاسایی و گرنگییەکی نیشتمانیی باڵایە".
ئەوەشی خستەڕوو کە "قوربانییەکانی گەلەکەمان و خوێنی گەنجەکانمان هێشتا لەسەر سنگی ڕۆڵەکانی ئەم پێکهاتە پیرۆزە نەخشێنراون، و ڕێگا نادەین بکرێتە ئامانج یان بەهای کەم بکرێتەوە لەژێر هەر بارودۆخ و تەحەدییەکدا بێت".
لە کۆتاییدا سهید حەکیم "بانگەوازی خۆی بۆ ڕاگرتنی گرژییەکان لە ناوچەکەدا نوێ کردەوە، لەگەڵ پێشخستنی زمانی ژیری و دیالۆگ، و دوورکەوتنەوە لەوەی کە دەبێتە هۆی ڕشتنی خوێنی زیاتر و وێرانکاری"، جەختیشی کردەوە کە "گەلانی ناوچەکە شایەنی گەشەپێدانن لە جیاتی شەڕ، و شایەنی سەقامگیرین لە جیاتی پشێوی، و هەروەها شایەنی ژیانێکی شەرەفمەندانەن لە جیاتی ململانێی بەردەوام".

