بەغداد – INA

جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران عەدنان فەیحان، و وەزیری داد خالد شوانی، ئەمڕۆ سێشەممە جەختیان کردەوە لەسەر گرنگیی تەواوکاریی (التكامل) نێوان دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن بۆ پاڵپشتیکردنی ڕێڕەوەکانی چاکسازیی دادی.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لەراگەیندراوەكەدا كه‌ بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه‌ تێیدا هاتووه‌: "جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران عەدنان فەیحان، لە ماڵی میوانداریی خۆیدا پێشوازی لە وەزیری داد خالد شوانی کرد، بە مەبەستی تاوتوێکردنی چەند دۆسیەیەکی پەیوەست بە کارەکانی دامەزراوەی دادی، و ڕێگاکانی بەهێزکردنی هەماهەکـنگی نێوان هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن، لە پاڵ لێکۆڵینەوە لەو یاسایانەی پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە ژیانی هاووڵاتیانەوە هەیە، و میکانیزمەکانی پەرەپێدانی دامەزراوەکانی چاکسازی (گرتووخانەکان) و بەرزکردنەوەی ئاستی ئەدایان".

فەیحان لە ماوەی دیدارەکەدا جەختی کردەوە لەسەر "گرنگیی پاڵپشتیکردنی دامەزراوەی دادوەری و یاسایی و دابینکردنی ژینگەی یاسادانانی پێویست بۆ بەهێزکردنی سەروەریی یاسا و پەرەپێدانی ئەدای دامەزراوەیی وەزارەت بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی گشتی بکات"، هەروەها پشتگیریی ئەنجومەنی نوێنەرانی دەربڕی "بۆ هەوڵەکانی وەزارەت لە جێبەجێکردنی پڕۆگرامە چاکسازییەکانی و نوێکردنەوەی پێکهاتە کارگێڕی و یاساییەکەی"، لە هەمان کاتدا جەختی کردەوە لەسەر "پێویستیی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیە لەپێشینەییەکاندا بەپێی دیدگایەکی نیشتمانیی هەمەلایەن کە پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی مسۆگەر بکات و سەقامگیری و سەروەریی یاسا بچەسپێنێت".

لەلایەن خۆیەوە، شوانی "بەڕێوەچوونی کارەکانی لە وەزارەت و دیارترین ئەو تەحەدییانەی کە ڕووبەڕووی جومگە جیاوازەکانی دەبنەوە" خستەڕوو، و پێزانینی خۆی دەربڕی "بۆ ئەو ڕۆڵەی ئەنجومەنی نوێنەران دەیگێڕێت لە پاڵپشتیکردنی وەزارەتەکان و دامەزراوە حکومییەکاندا".

شوانی جەختیشی کردەوە کە "هاوکاریی نێوان هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن، کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی پێکدەهێنێت بۆ سەرخستنی پڕۆگرامەکانی چاکسازی و پەرەپێدانی دامەزراوە دادییەکان، بە جۆرێک کە بەشداربێت لە بەهێزکردنی سەروەریی یاسا و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتدا".