دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی سێشەممە 16ی مانگی شەش ڕایگەیاند سزای لەسێدارەدانی جەواد زەمانی و ئەبوالفەزل ساعدی، دوو گەنجی ناڕازی خەڵکی شاهروود جێبەجێ کردووە و لەسێدارەی داون.

موحەممەد سادق ئەکبەری، سەرۆکی دادوەریی پارێزگای سمنان، تۆمەتی ئەم دوو هاووڵاتییەی بە شەڕ لەگەڵ خود، بڵاو کردنەوەی فەساد لەسەر زەوی، وێرانکردنی سامانی گشتی و تێکدانی ئاسایش ناو بردووە.

ئەو بانگەشەی کردووە ئەم دوو کەسە لە ماوەی ناڕەزایەتییەکانی 2025، جگە لە ئاگر تێبەردان بە سامان و شوێنە گشتی و تایبەتەکان، بە "هەڵگرتن و بەکارهێنانی چەکی گەرم و سارد" تۆمەتبار کراون. بەڵام ڕوونی نەکردووەتەوە کە ئەو چەکانە لە چ کات و بە چ شێوەیەک بەکارهاتوون.

هێشتا هیچ وردەکارییەک لەسەر شێوازی بەڕێوەچوونی دادگا، پرۆسەی دانپێدانان، یان چۆنییەتی بەرگریی ئەم دوو هاووڵاتییە لەلایەن دەسەڵاتدارانی دادوەریی کۆماری ئیسلامی بڵاونەکراوەتەوە.

هەواڵنامەی دەزگای دادوەری ئێران دانپێدانانی زۆرەملێی یەکێک لەو دوو هاووڵاتییەی بڵاوکردەوە، بەبێ ئەوەی ناوی ئاشکرا بکات. بەڵام لەو دانپێدانانەشدا هیچ دانپێدانێک سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی سارد یان گەرم نابینرێت.

سزای لەسێدارەدانی جەواد زەمانی و ئەبوالفەزل ساعدی لە کاتێکدا لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە جێبەجێ کراوە کە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕۆژی شەممە 13ی مانگ لە ڕاگەیەنراوێکدا هۆشداری دابوو لە مەترسیی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بەرامبەر ژمارەیەک لە زیندانییە سیاسیەکانی ئێران، و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردبوو بۆ هەنگاو نان بە مەبەستی ڕاگرتنی خێرای لەسێدارەدانەکان و هەڵوەشاندنەوەی ئەو حوکمانەی دژ بە زیندانییە سیاسییەکان دەرکراوە.

هەروەها بە گوێرەی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو سەرەڕای بانگەشە فەرمییەکانی دەزگای دادوەری ئیران، "ئەم جۆرە سزانەی لە سێدارەدان بە شێوەیەکی بەردەوام لە ناو سیستەمێکی دادوەری تەواو نادیار و ناڕووندا دەردەچن و جێبەجێ دەکرێن؛ سیستەمێک کە بە دانیشتنە دادگایییە نهێنییەکان، ڕێگری لە دەستڕاگەییشتن بە پارێزەری سەربەخۆ، و پشت‌بەستن بە دانپێدانانێکی زۆرەملێیی کە لە ژێر ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و دەروونی وەرگیراون، ناسراوە."