نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سوریا و عێراق ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ بەرپرسانی کورد و عێراق چەندین دیداری جیاوازی ئەنجام دا و ڕایگەیاند "قۆناغێکی تری مەزن لە ستراتیژیەتی سەرۆک ترامپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" دەستی پێکردووە.

تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ تورکیا و نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا و عێراق، دوێنێ دووشەممە گەیشتە بەغدا بۆ دیدار لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی تری عێراق. ئەمڕۆش لە هەولێر چاوی کەوت بە چەندین سەرکردەی هەرێمی کوردستان.

تۆم باراک هەر ئەمڕۆ لە هەولێر دیداری لەگەڵ فەرماندەی هەسەدە مەزلوم عەبدی ئەنجام دا. دوێنێش لە بەغدا چاوی کەوت بە هەریەک لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی.

سەبارەت بە دیدارەکانی هەولێر، تۆم باراک ڕایگەیاند، "پێزانینم هەیە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی—یەکگرتووین لەسەر پرسی پشتگیریکردن لە عێراقێکی سەقامگیر و سەروەر و خۆشگوزەران، وە هەروەها بۆ دیدگای سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست."

تۆم باراک هەروەها ڕایگەیاند لە کۆبوونەوەکانی هەولێردا، "گفتوگۆکانمان دەرفەتی گرینگیان لە بواری وزە و ئابووری و ڕێگای داهاتووی نێوان هەولێر و بەغدا پێشخست."

نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا دەربارەی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، "بەناوی سەرۆکی ئەمەریکاوە بەخێرهاتنی سەرکردەکانی یەکێتی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانیم کرد، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان لە دروستکردنی هاوبەشییەکی بەهێز و بەسوودی دوولایەنەی نێوان ئەمەریکا و عێراق، لەوانەش لەڕێگەی دۆستایەتی بەردەواممان لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق."

سەبارەت بە هەردوو سەرکردەکەی یەکێتی، تۆم باراک گووتی، "پێشوازیم لە بەشدارییە گرنگەکانیان کرد بۆ دڵنیابوون لەوەی عێراق بتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر سەروەری خۆی بپارێزێت و توانای هاوبەشی خۆی لەگەڵ ئەمەریکا بە تەواوی بەدیبهێنێت."

هاوکات نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا ئەمڕۆ سێشەممە بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە دەربارەی کۆبوونەوەی دوێنێی نێوان تۆم باراک و عەلی زەیدی.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، تۆم باراک بە عەلی زەیدی ڕاگەیاندووە سەرۆکی ئەمەریکا بەپەرۆشەوە چاوەڕوانی سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات بۆ کۆشکی سپی لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوودا.

بەیاننامە هاوبەشەکە دەڵێت، "هەردوو سەرکردە باسیان لە دیدگای هاوبەشیان کرد بۆ ئەوەی عێراق داهاتووێکی گەشتر و دوور لە تیرۆر بەدی بهێنێت، وە بۆ جێنبەجێکردنی پلانەکانی عێراق بۆ دڵنیابوونەوە لە چەکداماڵین و هەڵوەشاندنەوەی تەواوی هەموو گرووپە چەکدارەکان و پێکهاتەکانی دەرەوەی دەستەڵاتی دەوڵەتی عێراق."

لە بەیاننامەکەدا هەرەوەها جەخت کراوەتەوە لە قووڵکردەوەی پەیوەندییە ئابوورییەکان و وەبەرهێنان لەنێوان هەردوو وڵات.

هەردوو سەرکردە پێشوازییان کردووە لە تەواوکردنی ڕێکارەکانی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری ئنتەرنێت لە عێراق لەلایەن ستارلینک و هەوڵەکان بۆ کارکردنی کۆمپانیای چێڤرۆن لە بیرە نەوتەکانی قورنەی ڕۆژئاوا و ناسرییە.

لە بەیاننامەکەدا باسی چەندین هەلی تری وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان لە کەرتی وزە و کارەبای عێراقدا کراوە.