بەغداد – INA – ئامنە سەلامی
شارەوانیی بەغداد ئەمڕۆ سێشەممە، داڕشتنی پلانێکی خزمەتگوزاریی تایبەتی بۆ مانگی موحەڕەمی حەرام و سەردانە ملیۆنییەکان ڕاگەیاند، کە چڕکردنەوەی هەوڵە مەیدانییەکان لە کارەکانی پاککردنەوە و خزمەتگوزاریی شارەوانیدا لە پایتەخت لەخۆدەگرێت.
عودەی جەندیل، وتەبێژی شارەوانیی بەغداد، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ڕایگەیاند: "شارەوانیی بەغداد هەڵمەتەکانی پاککردنەوەی شەقامە سەرەکی و گشتییەکان چڕتر دەکاتەوە، لەگەڵ زیادکردنی ژمارەی حاویەکانی خۆڵ و خاشاک و بەهێزکردنی دۆخی خزمەتگوزاری لە ناوچە جیاجیاکانی بەغداد".
ئەوەشی وت: "پلانەکە دابەشکردنی كیسهی خۆڵ بەسەر خاوەن مەوکبەکاندا، لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە بۆ زیارەتکاران لەسەر پێویستیی پاراستنی پاکوخاوێنیی ڕێگاوبان و ئەو ڕێڕەوانەی بۆ زیارەتکاران تەرخانکراون، لەخۆدەگرێت".
جەندیل ئاماژەی بەوەش کرد کە "هەماهەنگییەکی تەواو لەگەڵ دەستە و مەوکبە حوسێنییەکاندا هەیە بۆ ڕێکخستنی جووڵەی زیارەتکاران و دابینکردنی پێداویستییە خزمەتگوزارییەکان، لەوانەش دابینکردنی ئاوی شیاوی خواردنەوە بۆ مەوکبەکان و بڵاوکردنەوەی حاویەکان لە شەقامە سەرەکییەکاندا".
ڕوونیشی کردەوە کە "هەوڵ و تواناکانی شارەوانیی بەغداد درێژ دەبنەوە بۆ شاری کەربەلای پیرۆزیش، بە مەبەستی بەشداریکردن لە کارەکانی پاککردنەوە لە ماوەی سەردانە ملیۆنییەکاندا، بەتایبەتی له (عاشورا) و سەردانی ئەربەعیندا، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانێکی خزمەتگوزاریی گشتگیر و تەواوکاردا".
