بەغداد - INA

فەرماندەی هێزەکانی سنوور، فەریق محەمەد سوکەر، ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند کە پرۆسەی دانانی به‌ربه‌ستی کۆنکرێتییەکان (کوتلەی کۆنکرێتی) لەسەر سنوورەکانی وڵات لەگەڵ سووریا بە درێژایی ٣٨٠ کیلۆمەتر کۆتایی پێهاتووە.

سوکەر لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (العراقية الإخبارية) کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاند: "فەرماندەیی هێزەکانی سنوور پشت بە چەند کارگەیەکی سەر بە خۆی دەبەستێت بۆ تەواوکردنی قایمکاری، خزمەتگوزاری، ژێرخان و ڕێگاکان لە سەرجەم کەرتەکانی بەرپرسیارێتیدا، کە لە نێوانیاندا کارگەی بەرهەمهێنانی کۆنکرێتی ئامادەکراو هەیە"، ڕوونیشی کردەوە کە "کارگەکە لە ساڵی ٢٠٢٣دا بە پاڵپشتی وەزارەت چالاک کراوەتەوە، بە شێوەیەک کە کەرەستە بیناسازییە پێویستەکانی بۆ تەرخانکراوە".

جەختیشی کردەوە کە "کارگەکە لە ماوەی ڕابردوودا بلۆکی کۆنکرێتی بەرهەمهێناوە کە بەشداربوون لە دروستکردنی دیوارێک لەسەر سنووری عێراق - سووریا، کە لە چیای شنگال لە باشوورەوە تا باکووری ڕەبیعە درێژ دەبێتەوە، و کارەکانیش بە ئاڕاستەی ڕووباری دیجلە هێشتا بەردەوامن"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "ئەم کار و بەرهەمهێنانە بەشداربووە لە کەمکردنەوەی تێچووی دروستکردنی به‌ربه‌ستی کۆنکرێتییەکان، بە شێوەیەک کە تێچووی ئەم قۆناغەی دیوارەکە بە بەراورد بەو کۆمپانیایانەی لە شوێنەکانی تردا کاردەکەن بۆ نیوە کەمبووەتەوە".

سوکەر ڕوونی کردەوە کە "ئێمە خاوەنی کادرێکی لێهاتوو لە ئەفسەران و کارمەندانین، لە پاڵ ئامێری ئەندازیاریی تەواو و پێشکەوتوودا، و توانیمان خۆبژێوی لە بواری بەرهەمهێنانی بلۆکی کۆنکرێتی، قایمکاری و پردە بچووکەکاندا (قەناتەکان) بەدیبهێنین"، خستیشیە ڕوو کە "ئەمڕۆ دیوارێکی کۆنکرێتیمان هەیە بە درێژایی ٣٨٠ کیلۆمەتر، کە ئەم کارگەیە بەشداربووە لە تەواوکردنی بەشێکیدا، و ئەمەش بە یەکێک لە قایمکارییە گرنگەکان لەسەر سنووری عێراق-سووریا دادەنرێت".