نێودەوڵەتی – INA
وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عێراقچی، ئەمڕۆ سێشەممە دووپاتی کردەوە کە هەر هێرشێکی سەربازی لەلایەن (ئیسرائیل)ەوە بۆ سەر لوبنان یان بەردەوامبوونی داگیرکاری، بە پێشێلکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی واژۆکراو دادەنرێت، هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە جێبەجێکردنی یاداشتەکە بە فەرمی لە ڕۆژی هەینییەوە دەستپێدەکات.
عێراقچی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "ڕاگەیاندنی کۆتایهاتنی جەنگ، گرنگترین دەستکەوت بوو لە قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکەدا، کە بەیانی ڕۆژی دووشەممە ڕاگەیەندرا"، ڕوونیشی کردەوە کە "کۆتایهاتنی جەنگ لە لوبنان، بەشێکی سەرەکی و پابەندکەرە لەو لێکتێگەیشتنانەی کە پەیوەستن بە کۆتایهێنان بە جەنگ لەگەڵ ئێراندا".
عێراقچی ئەوەشی وت: "دۆسیەی ئەتۆمی و لادانی سزاکان لە میانی قۆناغی کۆتایی دانوستانەکاندا دەخرێنەڕوو"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "دانوستانەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ بەردەوام دەبن، و تاوتێکردنی دۆسیەی ئەتۆمی و سزاکان لەخۆدەگرێت".
عێراقچی ڕوونی کردەوە کە "جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە بە شێوەیەکی فەرمی ڕۆژی هەینی دەستپێدەکات"، جەختیشی لەوە کردەوە کە "هەر دەستدرێژییەکی (ئیسرائیل) بۆ سەر لوبنان یان بەردەوامبوونی داگیرکاری، بە پێشێلکردنێکی ئاشکرای یاداشتەکە و لێکتێگەیشتنە واژۆکراوەکان دادەنرێت".

