بەغداد - INA
هەڵبژاردەی نیشتمانی بە تەمووحێکی گەورەوە پێ دەنێتە ناو ڕکابەریکردنی جامی جیهانی ٢٠٢٦ بۆ تۆمارکردنی ئامادەییەکی ناوازە لە گەورەترین مەیدانی تۆپی پێدا، ئەمەش بە پشت بەستن بە کۆمەڵە یاریزانێک کە توانای دروستکردنی جیاوازییان هەیە لە سێیەکی هێرشبەریدا؛ چونکە ڕاهێنەر (گراهام ئارنۆڵد) پشت بە تێکەڵەیەکی هاوسەنگ لە ئەزموون و گەنجێتی دەبەستێت بۆ سەرکردایەتیکردنی شێرەکانی ڕافیدەین بەرەو بەدەستهێنانی ئەنجامی ئەرێنی لە بەرامبەر بەهێزترین هەڵبژاردەکانی جیهاندا.
هێڵی هێرشبەری چوار هێرشبەری سەرەکی لەخۆدەگرێت، کە هەر یەکێکیان خاوەنی تایبەتمەندی جیاوازن و ڕەهەندێکی تاکتیکی نوێ بە هەڵبژاردەی عێراق دەبەخشن لە پاڵەوانێتییەکەدا.
لەم نێوەندەشدا (ئەیمەن حوسێن) وەک هێرشبەری یەکەم و سەرکردەی هێڵی پێشەوەی شێرەکانی ڕافیدەین سەرنجەکان ڕادەکێشێت، چونکە خاوەنی ئەزموونێکی گەورەیە لەسەر هەردوو ئاستی کیشوەری و نێودەوڵەتی، جگە لە هێزە جەستەیییە بەرزەکەی و توانای ناوازەی لە تۆپە ئاسمانییەکاندا و کۆتاییپێهێنانی هێرشەکان لە ناو ناوچەی سزادا. ئەیمەن بە یەکێک لە دیارترین کارتە هێرشبەرییەکان دادەنرێت کە هەڵبژاردەی عێراق پشتی پێدەبەستێت، بەتایبەتی لەو یارییانەی کە پێویستیان بە ئامادەیی جەستەیی و توانای قۆستنەوەی تۆپە پانبووەوەکان (عرضيات) و لێدانە جێگیرەکان هەیە.
لە پاڵ ئەویشدا (موهەنەد عەلی - میمی) دێت، کە یەکێکە لە دیارترین هێرشبەرەکانی عێراق لە ساڵانی ڕابردوودا، و توانیویەتی پێگەی خۆی بچەسپێنێت بەهۆی هەستی بەرزی گۆڵکردن و جووڵە زیرەکەکانی لە نێوان بەرگریکاراندا. میمی بەوە جیادەکرێتەوە کە توانای دروستکردنی دەرفەتی بۆ خۆی و هاوڕێکانی هەیە، جگە لە کارامەیی لە قۆستنەوەی نیوەی دەرفەتەکان و گۆڕینیان بۆ گۆڵ، ئەمەش دەیکاتە بژاردەیەکی گرنگ چ لە پێکهاتەی سەرەکیدا بێت یان لە کاتی هاتنە ناوەوەی وەک یەدەگ بۆ گۆڕینی ڕەوتی یارییەکە.
هەروەها دەستەی هونەری پشت بە هێرشبەری لاو (عەلی حەمادی) دەبەستێت، کە خاوەنی ئەزموونی یاریکردنی پیشەگەرانەیە لە تۆپی پێی ئینگلیزیدا و لە ئێستادا وەک یەکێک لە دیارترین بەهرە هێرشبەرییەکانی عێراق دادەنرێت. حەمادی لە نێوان خێرایی، هێزی جەستەیی و توانای فشارخستنە سەری بەردەوام لەسەر بەرگریکاران کۆدەکاتەوە، جگە لە جووڵە چالاکەکانی لە ناوچەی مەترسیدا، ئەمەش دەیکاتە یەکێک لەو یاریزانانەی کە توانای دروستکردنی جیاوازییان لە ڕووبەڕووبوونەوە گەورەکاندا هەیە.
سەبارەت بە (عەلی یوسف)، ئەو نوێنەرایەتی بژاردەیەکی هێرشبەری زیادە دەکات کە نەرمییەکی زیاتر بە ڕاهێنەر دەبەخشێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ یارییە جیاوازەکاندا. یووسف لە یاریکردن وەک سەرەپێچی پێشکەوتوو لێهاتووە، و بە جێگیربوونی باشی لە ناو ناوچەی سزادا و توانای ڕاوکردنی دەرفەتەکان و کۆتاییهێنان بە هێرشەکان جیادەکرێتەوە، ئەمەش دەرفەت بە ئارنۆڵد دەدات بۆ ئاڵوگۆڕکردنی هێرشبەرەکان و پاراستنی ئامادەیی جەستەیی و هونەرییان لە درێژەی پاڵەوانێتییەکەدا.
ئەم هەمەجۆرییە هێرشبەرییە پێشەنگییەکی گرنگ بە هەڵبژاردەی عێراق دەبەخشێت پێش دەستپێکردنی ڕکابەرییەکانی جامی جیهانی، چونکە شێرەکانی ڕافیدەین خاوەنی تێکەڵەیەک لە هێزی جەستەیی، ئەزموون، خێرایی و کارامەیین؛ ئەمانەش ئەو ڕەگەزانەن کە ڕەنگە بەشداربن لە بەهێزکردنی چانسی تیپەکە بۆ ڕکابەریکردنی هەڵبژاردە گەورەکان و پێشکەشکردنی ئاستێک کە شایستە بە ناوبانگی تۆپی پێی عێراق بێت لەسەر گۆڕەپانی جیهانی.
