نێودەوڵەتی – INA

زانایان زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدەدەن سەبارەت بەو زیانە گەورانەی کە بەر بەستەڵەکی باشوور کەوتوون، بەوپێیەی ئەو دەریایەی کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای بەستەڵەکەکە هێشتا بە بێ سەهۆڵ ماوەتەوە، ئەمەش دوای ئەو شەپۆلە گەرمایە پێوانەیییانەی کە لە سەرەتای مانگی حوزەیراندا ناوچەکەیان گرتووەتەوە.

وێنە مانگە دەستکردەکان دەریانخستووە کە دەریای (بێلینگسهاوزن)، کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای نیمچەدوورگەی ئەنتارکتیکا و پێشتر تا مانگی حوزەیران (سەرەتای وەرزی زستان لە بەستەڵەکی باشوور) بە سەهۆڵ داپۆشرابوو، ئێستا بە تەواوی بێ سەهۆڵە.

پسپۆڕان مەزەندە دەکەن کە نزیکەی ٦٥٠ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە لە سەهۆڵی دەریاکە لەدەستچووبێت بە بەراورد بە تێکڕای ماوەی نێوان ساڵانی ١٩٩١ تا ٢٠٢٠، هەروەها سێ ساڵ لە چوار ساڵی ڕابردوودا کەمبوونەوەی لە ڕووبەری داپۆشراوی سەهۆڵی دەریایی لەم ناوچەیەدا بەخۆوە بینیوە، ئەمەش ڕەنگە بەو مانایە بێت کە سەهۆڵەکە لەوێ چیتر هەرگیز نەگەڕێتەوە.

ڕووبەری سەهۆڵی دەریایی لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦دا لە دەوروبەری تەواوی بەستەڵەکەکە نزیکەی ١١.٤ ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشە بووە، ئەمەش بە شێوەیەکی بەرچاو کەمترە لە تێکڕای درێژخایەنی ئەم بەروارە کە دەگاتە ١٢.٦ ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشە.

پێشتریش دەستەی کەشناسی ئەرجەنتین ڕاپۆرتی دابوو کە پلەکانی گەرمی پێوانەیی گەیشتوونەتە ١٥.٤ پلەی سەدی و ١٣.٤ پلەی سەدی لە بنکەی (ئیسپێرانزا) کە دەکەوێتە جەمسەری باکووری ڕۆژهەڵاتی نیمچەدوورگەکە لە ڕۆژانی ٥ و ٦ی حوزەیراندا. ئەم پلە گەرمییانە ژمارەی پێوانەیی پێشوویان شکاند کە لە ساڵی ١٩٩٨دا تۆمارکرابوو.

بەپێی وتەی زانایان، ئەم گۆڕانکارییانە ڕەنگە یەکلاکەرەوە و مەترسیدار بن بۆ سیستمی ژینگەیی (ئیکۆسیستم)؛ چونکە سەهۆڵەکە بە شێوەیەکی ئاسایی پەناگە بۆ (کریل) دابین دەکات، کە قشڵییەکی (کڕەستەیشنی) وردبینانەیە و بنەمای زنجیرەی خۆراک لە زەریادا پێکدەهێنێت. پاشەکشەی سەهۆڵەکەش کاریگەرییەکی گەورە دەکاتە سەر ژیانی پەنگوین و سەگی دەریا (فۆکە)، کە ناچار دەبن بۆ مەودای دوورتر کۆچ بکەن، ئەمەش لای خۆیەوە کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر کات و سەرکەوتنی پرۆسەی زۆربوونیان.

جگە لەمەش، زانایان لەوە دەترسن کە لەدەستدانی سەهۆڵ لەسەر ڕەفەی کیشوەری ببێتە هۆی خێراکردنی توانەوەی سەهۆڵی کیشوەرەکە، هەروەها توانەوەی سەهۆڵبەندە بەناوبانگەکەی کە بە "سەهۆڵبەندی ڕۆژی دوایی" (Doomsday Glacier) ناسراوە.

سەرچاوە: ئاژانسەکان