نەجەفی ئەشرەف - INA - حەیدەر فەرمان
ئەمڕۆ دووشەممە، فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای نەجەفی ئەشرەف، دەستپێکردنی جێبەجێکردنی پلانی ئەمنی و ڕێکخستنی تایبەت بە مانگی موحەڕەمی حەرامی ڕاگەیاند، هاوكات جەختی لە دابەشکردنی کۆنە شاری (المدينة القديمة) بۆ سێ ناوچەی ئەمنی کردەوە بە مەبەستی ڕێکخستنی جووڵەی ماتەمگێڕان.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگاکە، عەقید موفید سالم تاهیر بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "بۆنەی هاتنەوەی مانگی موحەڕەمی حەرام، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی سەرانسەری جیهانی ئیسلامی دەکەین"، ڕوونی کردەوە کە "فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگاکە پلانێکی ئەمنی و ڕێکخستنی گشتگیری تایبەت بە بەڕێوەچوونی دروشمە حسێنییەکان ئامادە کردووە".
تاهیر ئاماژەی بەوەشکرد کە : "پلانی ئەمنی بۆ ئەمساڵ دابەشکردنی پارێزگاکەی بۆ چەند ناوچەیەکی ئەمنی لەخۆگرتووە، لە پاڵ کردنەوەی دوو ژووری ئۆپەراسیۆن: یەکەمیان لە ناوەندی کۆنە شاردا، و دووەمیان لە دەوروبەری مەزارگەی پیرۆزی عەلەوی؛ ئەمەش بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ئەرکە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان و هەماهەنگی لە نێوان لایەنە جیاوازە پێوەندیدارەکاندا".
ئاماژەی بەوەش کرد: "هەوڵە خزمەتگوزارییەکانی حکومەتی خۆجێیی و سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەت ئامادەن بۆ پاڵپشتیکردن و سەرخستنی ڕێوڕەسمەکانی بەڕێوەچوونی دروشمە حسێنییەکان، ئەمەش لە ڕێگەی دابینکردنی پشتگیریی پێویست و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە ماتەمگێڕان و زیارەتکاران".
باسی لەوەش کرد: "فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگاکە مەشقێکی ئەمنی گەورەی لە بادیەی نەجەف ئەنجامداوە کە بۆ ماوەی زیاتر لە بیست ڕۆژ بەردەوام بووە و تا ئێستاش بەردەوامە؛ بە ئامانجی دابینکردنی ئاسایشی ناوچە بیابانییەکان و ڕێگا دەرەکییەکان و بەهێزکردنی سەقامگیریی ئەمنی لە ماوەی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکاندا".
تاهیر ڕوونی کردەوە: "پلانەکە تەوەرەکانی هاتووچۆی نەرم و تەوەرگەلێکی تایبەت بە بەرگریی شارستانی و هەواڵگریش لەخۆدەگرێت، کە سەرجەمیان لە چوارچێوەی پلانی ئەمنی گشتگیردا کار دەکەن کە لەلایەن فەرماندەیی پۆلیسەوە داڕێژراوە"، جەختیشی کردەوە کە "کۆنە شاری دابەشکراوە بۆ سێ ناوچەی ئەمنی بۆ ڕێکخستنی جووڵەی ماتەمگێڕان و مسۆگەرکردنی ڕەوانیی چوونەژوورەوەیان بەرەو مەزارگەی ئەمیری مؤمنان ئیمام عەلی (سڵاوی خوای لێبێت) و کاروانەکانی ماتەمینی".
دووپاتی کردەوە کە "بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی مانگی موحەڕەمی حەرام لەمساڵدا، ئاستێکی بەرزی ڕێکخستن و ڕەوانی بەخۆوە دەبینێت بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو؛ ئەمەش بە فەزڵی ئەو هەماهەنگییە هاوبەش و بەرزەی نێوان دەزگا ئەمنییەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییە پاڵپشتیکارەکانەوەیە".

