بەغدا - INA
ئەمڕۆ یەکشەممە،وەزارەتی گەیاندن،ڕێککەوتنی لەگەڵ کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت کە پرۆژەکانی ئینتەرنێتی تیشکی (FTTH) جێبەجێ دەکەن ڕاگەیاند، بۆ زیادکردنی خێرایی ئینتەرنێت بۆ بەشداران.
وەزارەت،لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی،تیایدا ڕایگەیاند: مستەفا جەبار سەنەد، وەزیری گەیاندن کۆبوونەوەیەکی فراوانی ئەنجامدا بە ئامادەبوونی ستافی پێشکەوتووی وەزارەت،و کۆمپانیای گشتی گەیاندن و زانیاری و هاوبەشە فەرمییەکانی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت کە پرۆژەکانی ئینتەرنێتی تیشکی جێبەجێ دەکەن، بەمەبەستی تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکە و بەرزکردنەوەی کوالێتییەکەی لە شار و پارێزگاکانی عێراقدا.
بەیاننامەکە ئەوەشی خستۆتەڕوو : کە لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەری زیاتر لە 17 کۆمپانیا بەشدارییان تێدا کرد، تێیدا دۆخی کارکردن و ئاستەنگەکان و چارەسەرە هونەرییەکان بە ئامانجی جێبەجێکردنی پلانە داهاتووەکان خرایە ڕوو.
بەگوێرەی بەیاننامەکە : وەزیر پرۆژەی زیادکردنی خێرایی ئینتەرنێتی بۆ بەشداران بە ڕێژەی %20 بە هەمان نرخ خستەڕوو، ئەمەش وادەکات کۆمپانیاکانی (FTTH) خزمەتگوزاری بە کوالێتی بەرز پێشکەش بکەن کە پێداویستییەکانی سەرجەم هاوڵاتییان دابین دەکات، سەرجەم کۆمپانیاکانیش بە دەنگ پێشنیارەکەوە هاتن.



