بەغدا –INA
ئەمڕۆ یەکشەممە،موسەننا تەمیمی، وەزیری سەرچاوەکانی ئاو،جەختی کردەوە کە حکومەت گرنگی بە دۆسیەی ئاو دەدات و بەردەوامە لە جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکان بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی ئاو و باشترکردنی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش بە هاوڵاتییان دەکرێن.
لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاودا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی، تیایدا هاتووە: "موسەننا تەمیمی،وەزیری سەرچاوەکانی ئاو ،لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای بەسڕە، جەختی کردەوە لەسەر خواستی حکومەتی عێراق و بە ڕاسپاردەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ پەرەپێدانی کەرتی ئاو و جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکان کە بەشدارن لە بەهێزکردنی ئاسایشی ئاو و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاوڵاتییان.
وەک ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی پێداوە : تەمیمی لە نزیکەوە لە ڕەوشی کارکردن لە پڕۆژەی بەدعە و قۆناغەکانی جێبەجێکردنی کۆڵییەوە و جەختی کردەوە کە بەشی ماوەی پڕۆژەکە لە ماوەی نێوان (60 – 70) ڕۆژدا تەواو دەکرێت، ئەمەش پشتگیری لە سەقامگیری بەردانەوەی ئاو لە پارێزگاکە دەکات.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: وەزیر کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ پارێزگاری بەسڕە و سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا و ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران ئەنجامدا، کە تێیدا وردەکاریی گرێبەستی ڕاوێژکاری لەگەڵ کۆمپانیای ئیتاڵی تایبەت بە پڕۆژەی بەنداوی بەربەست (السدة القاطعة) لەسەر شەتو لعەرەب تاوتوێکرا و ڕێکارەکانی پەیوەست بە جێبەجێکردنی گفتوگۆیان لەسەر کرا.
وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان دەستپێشخەریی پارێزگای بەسڕەی بۆ دروستکردنی بەنداوە کاتییەکە بەرز نرخاند و جەختی کردەوە لە گرنگیی سوودوەرگرتن لە ئەنجامەکانی بۆ پشتگیریکردنی جێبەجێکردنی پڕۆژەی بەنداوی هەمیشەیی، بەجۆرێک کە بەشداربێت لە سنووردارکردنی سوێری و باشترکردنی کوالێتی ئاو.
تەمیمی دووپاتی کردەوە کە دۆسیەی ئاو لە بەسڕە گرنگییەکی زۆری لەلایەن حکومەتی عێراق و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران پێ دەدرێت و جەختی کردەوە لە پێویستیی یەکخستنی هەوڵەکانی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی ئاو و دۆزینەوەی چارەسەری بەردەوام بۆیان.

