بەغداد - INA
ئەمڕۆ یەکشەممە، دەستەی دەستپاکی فیدراڵی ڕایگەیاند کە بەڕێوەبەری یەکێک لە فەرمانگەکانی جێبەجێکردن لە بەسرە، بە تۆمەتی قۆستنەوەی پۆستەکەی دەستگیرکراوە.
دەستەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە، ئاماژەی بەوە کردووە : تیمێکی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی لێکۆڵینەوەی بەسرە، دوای چاودێریکردن و بەدواداچوون، توانیویانە بەڕێوەبەری یەکێک لە فەرمانگەکانی جێبەجێکردن لە پارێزگاکە دەستگیر بکەن، ئەوەش لەسەر بنەمای قۆستنەوەی پۆستەکەی و هەڕەشەکردن لە یەکێک لە هاووڵاتییان و ڕانەپەڕاندنی مامەڵەکەی، سەرەڕای ئەوەی مامەڵەکە تەواو بووە و هەموو مەرج و ڕێنماییەکانی تێدا بووە.
هەروەک ئاماژەی بەوەشدا کە تیمەکە لەکاتی چوون بۆ بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی بەسرە، توانیویانە دوو تۆمەتبار دەستگیر بکەن کە کۆمەڵێک مامەڵەی هاووڵاتییانیان پێ بووە، بەبێ ئەوەی هیچ بریکارنامەیەکی فەرمی یان مۆڵەتێکیان لە خاوەن مامەڵەکان هەبێت بۆ بەدواداچوون بۆ مامەڵەکانیان.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە : پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ هەردوو ڕووداوەکە کراوەتەوە و تۆمەتباران ڕەوانەی بەردەم دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکی و سپیکردنەوەی پارە لە بەسرە کراون، دادوەریش بڕیاری بەندکردنی بۆ هەموویان دەرکردووە تا کاتی تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان.

