بەغدا-INA
محەمەد عەلی اللامی، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی فیدراڵ، لە کاتی سەردانێکیدا بۆ پارێزگای سەڵاحەدین و کۆبوونەوە لەگەڵ ستافی لێکۆڵینەوە و سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی پارێزگاکە، جەختی لەسەر گەڕاندنەوەی سامانی گشتی کردەوە ، رایگەیاند : گەڕاندنەوەی ئەو پارانەی کە بە تاڵان براون ئەولەویەتێکی نیشتمانییە و دەستەکە بەردەوامە لە بەدواداچوونی گەندەڵکاران.
لامی لەبەیاننامەیەکدا ، کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ناردوویەتی،تیایدا هاتووە : هیچ کەسێک حەسانەی نییە ئەگەر دەستی بۆ سامانی گشتی بردبێت، و گەندەڵکاران بەبێ ڕەچاوکردنی پلە و پۆستیان ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.
هەروەک داوای لە کارمەندانی کرد ڕێکارە بیڕۆکراسییەکان تێپەڕێنن و بەرژەوەندی هاووڵاتییان و چارەسەرکردنی کێشەکانیان لە پێشینەی کارەکانیاندا بێت.
لەلایەن خۆیانەوە دەسەڵاتی دادوەران جەختیان لەسەر گرنگیی هەماهەنگیی پتەوی نێوان دەستەی دەستپاکی و دەسەڵاتی دادوەری کردەوە بۆ پاراستنی سامانی گشتی و سەروەری یاسا، بەو پێیەی یەکێکە لە پایە سەرەکییەکانی سەرکەوتن لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا.
لامی ئاماژەی بەوەشکرد کە گەندەڵی تەنها تاوانێکی دارایی نییە، بەڵکو زیانی گەورەی لە خزمەتگوزارییە تەندروستی و پەروەردەییەکان داوە و کاریگەری خراپی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان و سەقامگیریی دەوڵەت هەبووە، بۆیە بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیە ئەرکێکی هاوبەشی نیشتمانییە.


