بەغدا - INA
ئەمڕۆ یەکشەممە،وەزارەتی ناوخۆ ، رایگەیاند،فەرماندەی هێزێک دەستبەسەرکراوە کە دەستدرێژی کردبووە سەر هاوڵاتییان لە ناوچەی زەعفەرانییە و لێکۆڵینەوەش بۆ زانینی وردەکارییەکانی رووداوەکە کراوەتەوە.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی،تیایدا رایگەیاندووە: وەزارەتی ناوخۆ وردەکارییەکانی ئەو رووداوەی کە لە ناوچەی زەعفەرانی لە پایتەخت بەغدا روویداوە بۆ رای گشتی روون دەکاتەوە، ئەمەش وەک پابەندبوونێک بە بنەمای شەفافییەت و لە پێناو خستنەڕووی راستییەکان وەک خۆی.
ئاماژەی بەوەشکردووە : لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکێکی فەرمیدا بە فەرمانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا لەلایەن یەکێک لە هێزە جێبەجێکارەکانی سەر بە وەزارەتەوە، گرژییەک روویدا و بەهۆیەوە سێ هاوڵاتی بە برینی جۆراوجۆر بریندار بوون، و دەستبەجێ بریکاری باڵای وەزارەتی ناوخۆ، حوسێن عەوادی، فەرمانی کرد بە دەستبەسەرکردنی فەرماندەی هێزەکە و کردنەوەی لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە بۆ زانینی سەرجەم وردەکارییەکانی رووداوەکە و دیاریکردنی بەرپرسیارێتییەکان بە وردی، هەروەها گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی و کارگێڕی پێویست بەرامبەر بە هەر کەمتەرخەمێک بەپێی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە.
بەگوێرەی بەیاننامەکە، وەزارەت جەختیکردۆتەوە کە پاراستنی هاوڵاتییان و پاراستنی کەرامەت و سەلامەتییان لە کاری لەپێشینەی کارەکانیەتی، و سازش بۆ هیچ رەفتار یان پێشێلکارییەک ناکات کە لە چوارچێوەی یاسایی و رێنماییە کارپێکراوەکان دەرچێت، جا هۆکار یان پاساوەکەی هەرچییەک بێت.
وەزارەت جەخت لەوەش دەکاتەوە کە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بە شەفافییەتێکی تەواوەوە رادەگەیەنرێت، و هەر کەسێک کەمتەرخەمی یان سەرپێچی یاساکەی بەسەردا ساخ بێتەوە، بەپێی رێکارە یاساییە کارپێکراوەکان سزای دادپەروەرانەی خۆی وەردەگرێت.


