بەغداد - INA

وەزارەتی تەندروستی، ڕێنمایی دا بە گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو پزیشکە نیشتەجێیە خولاوەکان (المقيمين الدوريين) کە سبەینێ یەکشەممە لە دەستبەکاربوون دوا دەکەون و ئامادە نابن.

وەزارەتی تەندروستی، لەراگەیندراوەكەدا كه‌ بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه‌ تێیدا هاتووه‌ "دوای چەندین کۆبوونەوەی نێوان نوێنەرانی پزیشکانی نیشتەجێی خولاو لە خولی ٢٠٢٤ لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، وەزیرانی تەندروستی و دارایی، و بریکاری وەزارەتی تەندروستی، و ئەو ئەنجامانەی لەم کۆبوونەوانەوە کەوتنەوە؛ و دوای ئەو هەوڵانەی لەلایەن وەزارەتی تەندروستی و ستافە باڵاکەیەوە دران کە بوونە هۆی ڕاستکردنەوەی بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیران و چاککردنی میکانیزمی گرێبەستەکانیان و خەرجکردنی مووچەی پزیشکانی نیشتەجێی خولاو بۆ سێ مانگی یەکەمی گرێبەستەکانیان لە سەرجەم فەرمانگەکاندا، لەگەڵ جێگیرکردنی دامەزراندنی هەمیشەیییان لە بڕگەیەکی جیاوازدا لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بوودجەی ساڵی ٢٠٢٧ بە ڕێنمایی ڕاستەوخۆی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، فەزلەن لە بەرزکردنەوەی ئاستی مووچەکانیان بۆ مانگەکانی تری ماوەی گرێبەستە ساڵانەکەیان."

له‌ راگه‌یندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌یش هاتووه‌ كه‌: "لەکاتی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا، ئەم بابەتە لە نێوان سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرانی تەندروستی و دارایی تاوتوێ کرا، و گفتوگۆکە بە بانگهێشتکردنی پزیشکانی نیشتەجێی خولاو کۆتایی هات بۆ گەڕانەوە سەر کارەکانیان لە دامەزراوە تەندروستییەکاندا لە ماوەی سبەینێدا، ئەمەش لە پێناو پەرۆشی بۆ بەردەوامبوونی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بە هاووڵاتیان."

هەروەها هاتووە: "هاوکات دەسەڵات درایە وەزارەتی تەندروستی و فەرمانگە تەندروستییەکانی سەر بەو، بۆ گرتنەبەری ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییە پێویستەکان بەرامبەر ئەو کەسانەی کە لە دەستبەکاربوون دوا دەکەون تا کۆتایی دەوامی فەرمی ڕۆژی ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکانیشیانەوە بەپێی ڕێنماییە کارپێکراوەکان، هەروەها پێدانی دەسەڵات بۆ هێنانی گرێبەستکاری تر لەبری ئەو کەسانەی گرێبەستەکانیان هەڵوەشاوەتەوە لە دەرچووانی خولی ٢٠٢٥ و بە هەمان ژمارە، ئەمەش بەپێی پێشینەی ئامادەبوون بۆ بەستنی گرێبەست و بە هەمان ئەو ئیمتیازانەی کە لە کۆبوونەوەکانی ئەم دواییانەدا پەسەند کراون."

وەزارەتی تەندروستی داوای لە پزیشکانی نیشتەجێی خولاو کرد کە بگەڕێنەوە بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان و دەرفەت نەدەنە ئەو لایەنانەی کە هەوڵی تێکەڵکردنی کارتەکان و زیانگەیاندن بە بەرژەوەندی گشتی دەدەن، و لەو بەروارە دیاریکراوەدا بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان لە پێناو خزمەتکردنی نەخۆشەکان و کەسوکاریان.