بەغداد – INA
عهتهبهی عەباسی پیرۆز ، کارگەی "نوور" بۆ بەرهەمهێنانی (پەنێڵی خۆری) کردەوە، وەک هەنگاوێک بە ئامانجی پاڵپشتیکردنی وزەی نوێبووەوە و خۆماڵیکردنی پیشەسازییە هاوچەرخەکان لە عێراقدا.
زیا مەجید سائیغ، سەرۆکی بەشی پڕۆژەکان، لەراگەیندراوەكەدا كه بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه تێیدا هاتووه : " عهتهبهی عەباسی پیرۆز ئەمڕۆ کارگەی نووری بۆ بەرهەمهێنانی پەنێڵی خۆری کردەوە، تاوەکو لەم ڕێگەیەوە بە دیدگایەکی ڕوونەوە بەرەو پشتبەستن بە وزەی بەدیل هەنگاو بنێت، کە ئەمەش وەک پێویستی و خواستێکە بۆ نەوەکانی داهاتوو".
ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەم پڕۆژەیە تەنها هێڵێکی نوێی بەرهەمهێنان نییە، بەڵکو هەنگاوێکە بۆ خۆبژێوی لە بواری وزەی نوێبووەوەدا، و بەشدارییەکی ڕاستەقینەیە لە بنیاتنانی ئابوورییەکی بەردەوامدا، کە پشت بە دابینکردنی وزەیەکی کوالێتی بەرز دەبەستێت بۆ ڕووناککردنەوەی ماڵەکان و کارپێکردنی کارگەکان بە کەمترین تێچوو و کەمترین کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژینگە".
لای خۆیەوە، عەلی نوور ڕەزاق، بەڕێوەبەری کارگەکە ڕایگەیاند: "ئەم کارگەیە لەسەر ئاستی عێراق بە یەکەمین لە جۆری خۆی دادەنرێت، و بە ئامێر و کەلوپەلی کۆمپانیا جیهانییە باوەڕپێکراوەکان دابینكراوه، لەگەڵ بەکارهێنانی نوێترین تەکنەلۆژیا کە خۆی لە ئۆتۆماتیکردنی پیشەسازی (Industrial Automation) و ڕۆبۆتی پیشەسازیدا دەبینێتەوە، بە مەبەستی دەستەبەرکردنی کوالێتی بەرهەمەکە".
ڕوونیشی کردەوە کە "بەرهەمەکە لەناو هێڵی بەرهەمهێناندا بە چەندین قۆناغی پشکنیندا تێدەپەڕێت؛ بە ئامانجی دڵنیابوون لە کوالێتی پەنێڵی خۆرییەکە"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "توانای بەرهەمهێنانی کارگەکە لە قۆناغی یەکەمدا دەگاتە ١٠٠ مێگاوات ساڵانە، و بە بەردەوامی پەرەی پێدەدرێت بۆ زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانەکەی".

