بەغداد – INA

کۆمپانیای لێدانی بیرەکانی عێراق ، دەستپێکردنی پڕۆژەی لێدانی ١٧ بیری ئاسۆیی لە کێڵگەی باشووری ڕۆژهەڵاتی بەغداد ڕاگەیاند، کە ئەمەش بۆ بەرژەوەندیی کۆمپانیای (EBS)ی چینی و لە چوارچێوەی پلانەکانی پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان و زیادکردنی تواناکانی بەرهەمهێناندا دێت.

محەمەد حەنتوش ئەسەد ئەزیرجاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە، لەراگەیندراوەكەدا كه‌ بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه‌ تێیدا هاتووه‌ : "کۆمپانیاکە دەستی بە کارەکانی لێدانی یەکەم بیر لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا کردووە بە بەکارهێنانی ئامێری لێدانی (IDC 36)، ئەمەش وەک جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی باسم محەمەد خەزیر عەبادی، وەزیری نەوت، و لە چوارچێوەی پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی پەرەپێدانی کەرتی نەوتدا".

وتیشی: "ئەم پڕۆژەیە درێژکراوەی ئەو سەرکەوتنانەیە کە کۆمپانیاکە لە کێڵگەی باشووری ڕۆژهەڵاتی بەغداد بەدەستی هێناون، ئەمەش دوای تەواوکردنی لێدانی ٤٥ بیری نەوتی کە بەشداربوون لە پەرەپێدانی کێڵگەکە و زیادکردنی ڕێژەکانی بەرهەمهێنان".

ئەزیرجاوی ڕوونی کردەوە کە "کۆمپانیای لێدانی بیرەکانی عێراق بەردەوامە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی بەپێی بەرزترین پێوەرە تەکنیکییەکان و بە توانایەکی بەرزی کارپێکردن، ئەمەش بە پشتبەستن بە ئەزموونە کەڵەکەبووەکان و توانای تەکنیکی و مرۆییەکانی"، ئاماژەی بەوەش دا کە ئەمە "هاوتەریبە لەگەڵ پلانەکانی وەزارەتی نەوت کە ئامانجیان زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و بەهێزکردنی ئابووریی نیشتمانییە".

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا کە "یەکێک لە دیارترین دەستکەوتەکانی کۆمپانیاکە لەم کێڵگەیەدا، لێدانی بیری هەڵسەنگاندنی (EB-D) بوو، کە بەشدار بوو لە دۆزینەوەی یەدەگێکی نەوتیی زیادە و بەهێزکردنی سامانی نەوتیی وڵات"، جەختیشی لەسەر "بەردەوامبوونی کۆمپانیاکە لە جێبەجێکردنی پڕۆژە جۆرییەکانی بە هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە جیهانییەکان" کردەوە.