بەغداد – INA
سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان محەمەد شیاع سودانی، لەگەڵ ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق، شێخ قەیس خەزعەلی، جەختیان لەسەر پێویستیی پاراستنی یەکڕیزیی چوارچێوەی هەماهەنگی کردەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لەراگەیندراوەكەدا كه بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه تێیدا هاتووه : "سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ شەممە، لەگەڵ ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق، شێخ قەیس خەزعەلی، تاوتوێی کۆی بارودۆخی سیاسیی ناوخۆ و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەیان کرد، ئەمەش لە میانەی سەردانێکدا کە بەڕێز سوودانی بۆ لای شێخ خەزعەلی ئەنجامی دا."
ههروهها ئهوهیش هاتووه كه : "هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی ئەوە کردەوە کە ڕاوێژ و گفتوگۆ بەردەوامەکانی نێوان کوتلە سیاسییەکان ببێتە هۆی ڕێککەوتنێک کە تەواوکردنی دەنگدان لەسەر ئەو بەشەی لە کابینەی وەزاری ماوەتەوە مسۆگەر بکات، و جێبەجێکردنی ئەم شایستە دەستوورییە بە شێوەیەک بێت کە سەقامگیریی کارەکانی حکومەت بەهێز بکات و پاڵپشتی لە ڕەوتی پڕۆسەی سیاسی بکات."
ئاماژەی بەوەش کردووە: "هەردوولا داکۆکییان لەسەر پێویستیی پاراستنی یەکڕیزیی چوارچێوەی هەماهەنگی، و یەکخستنی گوتاری نیشتمانی، و پاڵپشتیکردنی ڕەوتی حکومی لەسەر هەردوو ئاستی جێبەجێکردن و یاسادانان (تەنفیزی و تەشریعی) کردەوە، بە شێوەیەک کە بەردەوامیی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیان مسۆگەر بکات، لەگەڵ بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان بەپێی ئەو ئامانجانەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کە لە بەرنامەی حکومەتدا کێشراون."
