بەغداد - INA
تیمی هەوڵی خزمەتگوزاری و ئەندازیاریی حکومی ، وردەکاریی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و ژێرخانی بەردەوامی لە چەند کەرتی جیاوازی بەغدادی پایتەخت ڕاگەیاند، هاوکا ت پلانێکی ئاشکرا کرد بۆ گرتنەوەی ٢١ ناوچەی نوێ بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ شارەوانی بەغداد (أمانة بغداد).
عەبدولڕەزاق مالیکی سەرۆکی تیمەکە، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "تیمی هەوڵی خزمەتگوزاری و ئەندازیاری بەردەوامە لە کارەکانی و ئامادەیی مەیدانی بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بەو ناوچانەی کە بێبەشکراون."
ڕوونیشی کردەوە کە "بەسەرکردنەوە مەیدانییەکە ناوچەی (زاویەی نوورەین)ی گرتەوە کە سەر بە کەرتی شارەوانی بەغدادی نوێیە، تێیدا کارەکانی ڕاکێشانی هێڵەکانی ئاوەڕۆ لەو بەشەی کە مابووەوە دەستی پێکردووە، کە دەکاتە ٣٠٪ی ڕووبەری شەقامەکان، ئەمەش لەپاڵ زیادکردنی بڕە پێویستەکانی تر بۆ تەواوکردنی تەواوی ناوچەکە."
مالیکی وتیشی: "لەسەر بنەمای ڕێنماییەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی بەڕێز، سەبارەت بە پێویستی وردبینیکردنی دۆخی ئاو لە ناوچەکان و دابینکردنی ئاوی شیاو بۆ خواردنەوە، ئەولەویەتی ڕەها دراوە بە تۆڕەکانی ئاو، لە دوای ئەویش ئەنجامدانی کارەکانی چاککردنەوەی تۆڕەکانی کارەبا، پێش دەستپێکردنی دەستبەجێی کارەکانی ئاوەڕۆ و قیرتاوکردن (تبلیط)."
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە "کارەکانی کەرتی شارەوانی بەغدادی نوێ سێ ناوچەی سەرەکی گرتووەتەوە، لە نێوانیاندا ناوچەی (ئوم ئەلبەنین) کە گەیشتووەتە قۆناغەکانی کۆتایی قیرتاوکردن، بە شێوەیەک هێڵێکی کاتی بە ماوەی ٩ ڕۆژ دیاریکراوە بۆ تەواوکردنی بە تەواوی، بڕیاریشە سبەینێ کارەکانی قیرتاوکردن دەست پێبکەنەوە بۆ ئەوەی لە کۆتایی هەفتەی داهاتوودا شەقامەکان بخرێنە خزمەتەوە"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "کارەکان لە گەڕەکی (٧٤٧ - مەعەسکەر) ڕاکێشانی تۆڕی ئاوەڕۆ لەخۆدەگرێت، لەگەڵ پێویستی ڕاکێشانی تۆڕێکی ئاو بە درێژایی ٣ کیلۆمەتر، کە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا کارەکانی دەست پێدەکات کاتێک ڕەزامەندییە فەرمییەکان بەدەست دەهێنرێن."
ئهوهیشی وت: "تیمەکە لە قۆناغی ڕابردوودا ١٣ پڕۆژەی لە کەرتی بەغدادی نوێدا تەواو کردووە، و پلانێکی هەیە بۆ گرتنەوەی ٢١ ناوچەی تر لە قۆناغی داهاتوودا"، جەختیشی کردەوە لە "تەواوبوونی پشکنینە تەکنیکییەکان بۆ سەرجەم ناوچە نوێیەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی شارەوانیدا، و ئێستا لە قۆناغی پەسەندکردنی تەکنیکی و کارگێڕیدان."
لە هەمان چوارچێوەدا، مالیکی جەختی لە "بەردەوامی کارەکان لە کەرتی مەعامیل کردەوە کە ٦ ناوچە دەگرێتەوە، ئەوانیش (ڕەشادی یەکەم، ڕەشادی دووەم، دەوانم، و گەڕەکی نەسر)، ئەمەش دوای تەواوکردنی ٨ پڕۆژە لە ماوەی ڕابردوودا"، ئاماژەی بەوەش دا کە "١٦ پڕۆژەی تریش لەسەر بنەمای داواکاری هاووڵاتیان کە پێشکەشی سەرۆک وەزیران کرابوون، خراونەتە ناو پلانی تیمەکەوە."
سەبارەت بە کەرتی شارەوانی شەعب، ئاماژەی بە "بەردەوامی کارەکان لە لقەکانی (ئەبو عەلی) لە ناوچەی سەبع قوسوور کرد، کە ڕێژەی تەواوبوونی گەیشتووەتە ٨٥٪ و ڕووبەرەکەی دەگاتە ١٢٠ هەزار مەتر دووجا، تێیدا ٢٥ ڕۆژ دیاریکراوە بۆ تەواوکردنی بە تەواوی"، ڕوونیشی کردەوە کە "کۆیی ئەوەی لە کەرتی شەعبدا تەواو کراوە گەیشتووەتە نزیکەی دوو ملیۆن مەتر دووجا کە بەسەر زیاتر لە ٦٢ ناوچەی گرتنەوەدا دابەش بووە، ئەمەش دەیکاتە یەکێک لە گەورەترین کارە ئەنجامدراوەکان."
ناوبرا له كۆتاییدا ئهوهیش وت كه "کارەکان بە شێوەیەکی یەکسان و بەپێی ڕێژەی بێبەشبوون و چڕی دانیشتوان بەسەر سەرجەم کەرتەکاندا دابەش دەبن؛ بە جۆرێک زیاتر لە ٨ ناوچەی لە دۆرە گرتووەتەوە، و زیاتر لە ١٥ ناوچە لە کەرتی شارەوانی شوعلە، کە درێژ دەبێتەوە لە کازمەیی و وەقفی قادری و دەهوی، تا دەگاتە دەوانمی شوعلە و ڕێگا بازنەیی و جومگەییەکان و ڕێگای تەیف."

