بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، لە ماوەی کۆبوونەوەی گرووپی حەوتی وڵاتانی پیشەسازیی پێشکەوتوو لە فەڕەنسا، سەرۆک دۆناڵد ترامپ لەگەڵ ژمارەیەک لە ڕێبەرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆدەبێتەوە.

هەروەها چاوەڕوان دەکرێت سەرۆک ترامپ دانیشتنێک لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراین ڤلۆدیمێر زێلێنسکی ئەنجام بدات.

کۆبوونەوەی گرووپی حەوت لە نێوان 15 تا 17ی مانگی شەش لە شاری ئیڤیان لە فەڕەنسا بەڕێوە دەچێت و چاوەڕوان دەکرێت بابەتەکانی پەیوەندیدار بە شەڕی ئۆکراین، قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دۆخی ئابووری جیهانی لە سەرەکیترین باسەکانی ئەو کۆبوونەویە بێت.

بەرپرسانی ئەمەریکایی ئاماژەیان بەوە دا کە ترامپ لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا چەند دانیشتنێکی دوولایەنە لەگەڵ ڕێبەرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام دەدات.

سەرچاوەکان هەروەها پشتڕاستیان کردەوە کە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین نەتەنیاهو بەشداری لە کۆبوونەوەی گرووپی حەوت ناکات.

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدا دێت کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها گفتوگۆکان سەبارەت بە داهاتووی شەڕی ڕووسیا و ئۆکراین بەردەوامن.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئاسۆشیەتید پرێس، ئەو بەرپرسە ئەمەریکاییە بە مەرجی نەدرکاندنی ناوی بە رۆژنامەوانانی گوتووە کە لەگەڵ کرانەوەی تەنگەی هورمز، ئەمەریکا دەست بە پاک کردنەوەی مینەکان لەو تەنگەیە دەکات و ئاماژەشی کرد لەوانەیە وڵاتانی گرووپی حەوت بەشداری ئەوهەوڵە بکەن.

کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکە لە کاتێکدایە شەڕی ئێران و داخستنی گەرووی هورمز لە چەند مانگی ڕابردوودا بووەتە هۆی ناسەقامگیری نرخی وزە لە جیهاندا.

ڕۆژی پێنجشەممە سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن ئاماژەی دا بە پرسی "نەبوونی باڵانسی ئابووری" و پێویستی هاوکاری بازرگانی لە نێوان وڵاتانی بەشدار.

وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا سکۆت بێسێنت، کە بەشداری لە دوایین کۆبوونەوەی وەزیرەکانی گرووپی حەوت لە پاریس کرد، بەردەوام هۆشداری داوە لە چالاکییەکانی ئێران لە تەنگەی هورمز و ڕایگەیاندووە ئەمەریکا ڕێگە بە دامەزراندنی سیستەمی کۆکردنەوەی سەرانە لەو ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییە نادات.